سەوزە بە هەڵم ئامادە بكە

سەوزە بە هەڵم ئامادە بكە
ئامادەكردنی خۆراك بە هەڵم Steaming تەندروستییانەترە لە شێوازی تری ئامادەكردن بەتایبەتی سەوزە گەڵا تاریكەكان و دانەوێڵەی تەواو. سوودی سەرەكی ئامادەكردنی سەوزە بە هەڵم بریتییە لە پاراستنی رەنگ و چێژی سروشتی و پاراستنی بەهای خۆراكی سەوزەكان تا رادەیەكی زۆر. كە سەوزە بەم رێگایە ئامادە دەكرێت ئەوا تێكڕای بڕی چەوری كەمتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ سووركردنەوە لە زەیتدا. هەروەها سەوزەی بە هەڵم ئامادەكراو چێژێكی خۆشتری هەیە بەتایبەتی كە بیبەر، بەهارات، ئاوی لیمۆ، یان ساسی جیاوازی بەسەردا دەكرێت. رێژەی ڤیتامین A بە شێوەی بیتا كارۆتین Beta carotene لەم سەوزانەدا زیاتر دەبێت بەتایبەتی كە سەوزە گەڵا تاریكەكانی وەكو سڵق یان سپێناغ بە رێگای هەڵمەوە ئامادە دەكرێن، لەگەڵ مانەوەی رێژەیەكی بەرزتر لە ریشاڵ كە بایەخی تەندروستیی زۆری هەیە. ئامادەكردنی ژەمێكی سەوزەی تێكەڵ بە هەڵم لە زۆربەی جۆرەكان ئاسانە و كاتێكی كەمی پێویستە، بۆ نموونە سڵق و سپێناغ و هەندێك گەڵای كەسكی تر تەنیا پاش 4- 6 خولەك بۆ خواردن ئامادە دەبن، هەروەها برۆكۆلی لە ماوەی تەنیا 8- 10 خولەكدا بۆ خواردن ئامادە دەبێت، بەڵام پاقلەمەنییە تەڕەكان و دانەوێڵە كاتێكی زیاتریان پێویستە.
Top