هۆكارەكانی زوو باڵغبوون

هۆكارەكانی زوو باڵغبوون
ئێستا بەگشتی كوڕ و كچ لە تەمەنێكی زووتر دەچنە باڵغبوونەوە. باڵغبوون كردارێكی ئاڵۆزە كە بەشی خوارەوەی مێشك و گلاندی پتیوتەری و گلاندەكانی زاوزێ دەگرێتەوە كە لە رێگای هۆرمۆنەكانەوە رۆڵیان هەیە لە گۆڕانە جەستەیی و دەروونییەكانی پەیوەست بە باڵغبوون. فاكتەرەكانی پەیوەست بە ستایلی ژیان و ژینگە رۆڵیان هەیە لە زووباڵغبووندا Early puberty. بە تێكڕایی تەمەنی باڵعبوونی كچ لە نێوان 8- 12 ساڵیدا و تەمەنی باڵغبوونی كوڕ لە نێوان 9- 14 ساڵیدایە، زوو باڵغبوون واتە دەستپێكردنی باڵغبوون لە تەمەنێكی بچووكتر، بۆ نموونە لە تەمەنی كەمتر لە 8 ساڵی بۆ كچ و كەمتر لە 9 ساڵی بۆ كوڕ. جینەكان رۆڵیان هەیە لە دیاركردنی تەمەنی باڵغبوون بەتایبەتی لە كوڕدا كە لە باوكی یان باپیری (باوكی دایكی) بۆی دەگوازرێتەوە. كێشی زیاد و قەڵەوی هۆكارێكە بۆ زوو باڵغبوون بەتایبەتی لە كچدا. نەخۆشی هۆرمۆنی لە هەر دوو كچ و كوڕدا رۆڵی هەیە لە زووباڵغبووندا، بۆ نموونە نەخۆشی لە گلاندی دەرەقی، نەخۆشی لە گلاندەكانیی ئەدرینال Adrenals لە هەردوو رەگەزدا، زیاد دەردانی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە كوڕدا. پیسكارەكانی ژینگە كاریگەری دەكەنە سەر هاوسەنگی هۆرمۆنەكان لە لەشدا و كاتی باڵغبوون، هەروەها پۆلیشی نینۆك، ئاوێتەكانی جوانكاری، بۆن، شامپۆیەكان بەتایبەتی لە كچدا رۆڵیان هەیە بۆ زوو چوونە ناو باڵغبوونەوە. نەخۆشيی شەكرە و گرێ لە گلاندە كوێرەكاندا هۆكاری دەگمەنن بۆ زووباڵغبوون لە هەردوو رەگەزدا.
Top