منداڵ پێویستی بە خۆراكێكی تەندروستییانە هەیە كە گرنگە بۆ گەشە و پەرەسەندنی لەش. منداڵ بەدخۆراك دەبێت بە هۆی خۆراكی نادروست و ناڕێك لەبەر هەژاری یان نەبوونی زانیاری سەبارەت بە خۆراك لە لایەن دایك و باوكەوە. منداڵ ئەگەر رێنمایی نەكرێت، ئەوا بەگشتی بەو خۆراكانەوە پەیوەست دەبێت كە كوالیتی نزمیان هەیە، دەرەنجام دوچاری گرفتی تەندروستی دەبێت. ئەو خۆراكە ناتەندروستییانەی كە زۆربەی منداڵان دەیخۆن بریتین لە: خۆراكە چەورەكان، ئەو خۆراكانەی كە رێژەیەكی بەرزی خوێ و شەكر لەخۆدەگرن، ئەو خۆراكانەی كە زیاتر كالۆری بەتاڵ لەخۆدەگرن، سۆدا و نوشابە گازدارەكانی تر، خۆراكی خێرا، خۆراكی پرۆسێسكراو Processed foods، كێك و بسكویت، ژەم یان خۆراكە ئامادەكراوە فریزكراوەكان Frozen meals، قەنادی، جۆری جیاوازی نەستەلە، جیبس، شەربەت یان شیرەی میوەی دەستكرد و خواردنەوە شیرینكراوەكانی دیكە، ئەم خۆراكانە هیچ یان بڕێكی كەم لە ڤیتامین و كانزا لەخۆدەگرن. ئەو منداڵانەی كە زیاتر خۆراكی خێرا دەخۆن، كەمتر شیر و میوە و سەوزە دەخۆن، بەمەوە دوچاری كەمبوونی ماددە خۆراكییە گرنگەكان دەبن كە پێویستن بۆ گەشە و پەرەسەندن بە درێژایی ساڵەكانی منداڵی. ئاكامەكانی بەدخۆراكی منداڵ بریتین لە: دابەزینی ئاستی سەرنج و ئەنجامدانی ئەرك لە قوتابخانەدا، ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی بە رێژەی زیاتر لە 1 لە هەر 3 منداڵ، ئەگەری تووشبوون بە كەمخوێنی و كلۆربوونی ددان و پووكانەوەی ئێسك و لە پاشەڕۆژیشدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و خەمۆكی پەستانی بەرز دێتە پێشەوە.