با كاتی نێوان 2 ژەمی سەرەكی لە 5 كاتژمێر زیاتر نەبێت

با كاتی نێوان 2 ژەمی سەرەكی لە 5 كاتژمێر زیاتر نەبێت
بە تێكڕایی گەدە پاش خواردنی ژەمێكی سەرەكی گەورە تەنیا 4 كاتژمێری پێویستە بۆ بەتاڵبوونەوەی تەواو یان پاڵنانی خۆراك بۆ ریخۆڵە باریكە، ئەگەرچی گەدە پاش خواردنی ژەمێكی زۆر چەور لەوانەیە كە 4.5- 5 كاتژمێری بوێت بۆ بەتاڵبوونەوە. دابینكردنی هەر 3 گرووپی سەرەكی خۆراك لە ژەمە سەرەكییەكاندا بەتایبەتی ژەمی بەیانی، واتە كاربۆهیدرات و پرۆتین و چەوری گرنگە بۆ رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن و دابینكردنی وزەیەكی جێگیر و بەردەوام بە درێژایی رۆژ. هەتا ئەگەر ژەمی بەیانیت تەواو و دەوڵەمەندیش بێت، ئەگەر تا كاتژمێر 2 ی پاش نیوەڕۆ ژەمێكی تر نەخۆیت، ئەوا ئاستی وزە لە لەشتدا بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت و هەست بە بێهێزی و داهزرانی لەش دەكەیت. هەروەها درەنگ خواردنی ژەمێكی سەرەكی دەبێتە هۆی هەستكردن بە ماندووبوون و بۆرژان كە لەوانەیە ئارەزووی نووستن پەیدا بكات و بچیتەوە خەوەوە، نووستنیش راستەوخۆ پاش ژەمێكی سەرەكی گەورە زیانی خۆی هەیە بە شێوەی: بەدهەرسی و هەستكردن بە ناڕحەتی لە گەدە و سكدا، ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، ئەگەری تووشبوون بە قۆڕی ناوپەنچك Hiatus hernia، هەستكردن بە پەستی و ناڕحەتی دەروونی پاش لە خەو هەڵسان.
Top