ئەمە روونە كە زیاد وەرگرتنی وزە لە خۆراك و كەمی جووڵە و مەشقی وەرزشی دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش، بەڵام بەرە بەرە نەك بە شێوەیەكی خێرا. لە هەندێك حاڵەتدا زیادبوونی چەوری (كێش) لە ناوچەی سكدا بە خێرایی لە ئەنجامی نەخۆشی روودەدات. سستبوونی گلاندی دەرەقی Hypothyroidism دەبێتە هۆی كزبوونی كرداری گۆڕینی خۆراك بۆ وزە و سەرفكردنی وزە، بەمەشەوە بڕێكی زیادی چەوری لە لەشدا كۆدەبێتەوە كێش زیاد دەكات، هەروەها دەبێتە ئەگەری خڕبوونەوەی زیادی ئاو و خوێن كە زیاتر لە ناوچەی سكدا بەرجەستە دەبێت. زیاد دەردانی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل Cortisol لە گلاندەكانی ئەدرینال كە بە نەخۆشی یان دیاردەی كوشینگ Cushing ناسراوە، دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش یان قەڵەوبوون لە ناوەڕاستی لەشدا Central obesity، لەبەر زیادبوونێكی خێرای كێشی لەش، هێڵەكانی ئاسەواری كشان یان گورجبوون لە پێستی سكدا بەدی دەكرێن. بەكارهێنانی حەبی دیكسۆن یان ستیرۆیدەكانی تر بە هەمان میكانیزمی نەخۆشی كوشینگ كێشی لەش لە ناوچەی كەرشدا زیاد دەكەن. پەككەوتنی جگەر Liver failure لە قۆناغی كۆتاییدا دەبێتە ئەگەری خێرا كۆبوونەوەی شلە لە ناوچەی سكدا Ascites كە هاوكاتە لەگەڵ نیشانەكانی تری پەككەوتنی جگەر وەكو كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا، زەردوویی، ئاوسانی قاچەكان. نەخۆشی لە هێلكەدانەكان بەتایبەتی گرێ و شێرپەنجە دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی شلە لە ناوچەی سكدا، لەگەڵ زیادبوونی كێشی لەش و كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا، هەروەها فرەكیسی هێلكەدان PCOS هۆكارێكی ترە كە بە رێگای تێكدانی باڵانسی هۆرمۆنەكان دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش بە خێرایی.