ئایا جگەرەی ئەلیكترۆنی لە جگەرەی ئاسایی بێ زیانترە؟

ئایا جگەرەی ئەلیكترۆنی لە جگەرەی ئاسایی بێ زیانترە؟
جگەرەی ئەلیكترۆنی E-cigarettes بە پاتری كاردەكات و بە بێ سووتان هەڵمێك دروست دەكات لەو كارترێجەی كە گیراوەیەكی نیكۆتین و بۆن یان چێژی جیاواز لەخۆدەگرێت، هەر كارترێجێكی پڕ هاوتایە بە 300 جگەرەی ئاسایی، هەندێك كۆمپانیا چێژ و بۆنی تایبەت دەخەنە ناو جگەرەی ئەلیكترۆنی بە مەبەستی زیادكردنی رەواج. جگەرەی ئەلیكترۆنی تەنیا نیكۆتین لەخۆدەگرێت، لەوكاتەی كە جگەرەی ئاسایی جگە لە نیكۆتین ژمارەیەكی زۆر لە ماددەی زیانبەخشی تێدایە، بۆیە لەوانەیە كە وەكو ئەلتەرناتیڤێك بۆ جگەرەی ئاسایی تووتن یان وەكو هەنگاوێك بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان سوودی لێوەربگیرێت، بەڵام نابێ ئەمەش لەبیر بكرێت كە نێكۆتینیش هەرگیز لە زیان بەدەر نییە. مەترسییەكانی نیكۆتین بۆ دڵ و كۆئەندامی هەناسە ئاشكراو دۆكیومێنت كراون، جگەرەی ئەلیكترۆنیش ئامێرێكی نوێی گەیاندنی نیكۆتینە بە هەموو مەترسییەكانییەوە. نیكۆتین ماددەیەكی زیانبەخشە و بە توندی دەبێتە ئەگەری راهاتن، لەگەڵ زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، لە دایكی دووگیاندا نیكۆتین لە ویڵاش دەرباز دەبێت و دەگاتە كۆرپە و زیانی پێدەگەیەنێت. لەبەر ئەوەی كە هەڵمی نیكۆتینی جگەرەی ئەلیكترۆنی بۆنی وەكو جگەرەی ئاسایی ناخۆش نییە، بۆیە بە گوێرەی چەند راپۆرتێكی پزیشكی دەكرێ كە ئەگەر ئاسانیش نەبێت وەكو رێگایەك بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان سوودی لێوەربگیرێت ئەگەرچی ئەم هەنگاوە تا ئێستا بە تەواوی جێگیر نەبووە و لە پراكتیكدا نەسەلمێنراوە. ئەگەر جگەرەكێش نیت یان ناتەوێ جگەرە بكێشیت ئەوا هەرگیز جگەرەی ئەلیكترۆنی مەكێشە. ئەگەر جگەرەكێشیت و بڕیاری وازهێنانت داوە ئەوا هەرگیز جگەرەی ئەلیكترۆنی مەكێشە لەجیاتی جگەرەی ئاسایی، بە مانایەكی تر واز لە هەموو سەرچاوەكانی نیكۆتین بێنە هەتا لەزگە یان بنێشتی نیكۆتین Nicotine gum.
Top