بەهای خۆراكیی برۆكۆلی

بەهای خۆراكیی برۆكۆلی
برۆكۆلی Broccoli پڕە لە ماددەی گرنگ، بۆ نموونە رێژەیەكی بەرز لە ڤیتامین C لەخۆدەگرێت كە هانی هەڵمژینی كانزای ئاسن دەدات، چاو لە تووشبوون بە ئاوی سپی دەپارێزێت، بەرگریی لەش بەهێز دەكات بەتایبەتی دژی ڤایرۆسەكانی كۆئەندامی هەناسە، هەروەها ترشی فۆلیك كە گرنگە بۆ گەشەی دروستی شانەكانی كۆرپە و رێگرتن لە سەقەتی زگماكی لە ئافرەتی دووگیاندا. ماددەی I3C شان بە شانی ماددەی بیتا كارۆتین Beta carotene لە برۆكۆلیدا رۆڵیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە شێرپەنجە، بەتایبەتی ئەو جۆرانەی شێرپەنجە كە پەیوەستن بە هۆرمۆنەوە وەكو شێرپەنجەی مەمك لە ئافرەت و شێرپەنجەی پرۆستات لە پیاودا. برۆكۆلی سوودی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردن و خۆپاراستن لەم نەخۆشییانە: نەخۆشیی خڵەفان یان ئەلزهایمەر، نەخۆشیی شەكرە، كەمیی كانزای كالسیۆم، شێرپەنجەی گەدە و كۆڵۆن، شێرپەنجەی سییەكان، نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، هەوكردنی جومگە، زوو پیربوون، هەروەها رێكخستنی پەستانی خوێن بە هۆی رێژە بەرزەكەی پۆتاسیۆمەوە، پاراستنی ئێسك لە پووكانەوە بە هۆی رێژە بەرزەكەی كالسیۆم، رێكخستنی كۆئەندامی هەرس و دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆل بە هۆی رێژە بەرزەكەی ریشاڵ.
Top