كۆلا وروژێنەرە بۆ شەقەسەر

كۆلا وروژێنەرە بۆ شەقەسەر
كۆلا ماددەی كافائین و ماددەی ئەسپارتێم Aspartame لەخۆدەگرێت كە هەر دووكیان وروژێنەرن بۆ سەرهەڵدانی نۆرەی سەرئێشە لە تووشبووان بە شەقەسەر Migraine، هەروەها كاریگەری دەكەنە سەر كات و كۆڕسی نۆرەكانی شەقەسەر. ئازاری شەقەسەر لەوانەیە كە زۆر توند بێت و تووشبوو زۆر ناڕەحەت بكات و چەندین نیشانەی دیكەشی لەگەڵدا بێت وەكو هێڵنج، رشانەوە، ناڕەحەتبوونی چاو بە رووناكی. جگە لە كۆلا، گەلێك خۆراك و خواردنەوە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی نۆرەی سەرئێشە لە تووشبووان بە شەقەسەر وەكو: شوكولاتە، بیرە، شەرابی سوور، هەندێك جۆری پەنیر، ماددەی MSG كە لە هەندێك خۆراكی قوتووبەندایە، چای، قاوە، سۆدای ئاسایی و سۆدای دایێت، كاكاو، بیبسی، خواردنەوە وزەبەخشەكان Energy drinks، شیرینكارە دەستكردەكان Artificial sweeteners بەتایبەتی ئەسپارتێم. ئەگەرچی تووشبوون بە شەقەسەر مەیلێكی زگماكی هەیە، بەڵام میكانیزمەكەی دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕان لە فراوانبوون و تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێنی ناوچەی سەر، ماددەی كافائین دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن لە ناوچەی سەر و بەشەكانی تری لەشدا.
Top