هۆرمۆنی برسیبوون

هۆرمۆنی برسیبوون
دۆزینەوەی هۆرمۆنی گهرێلین Gherlin یان هۆرمۆنی برسیبوون هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ تێگەیشتن لە میكانیزمی ئارەزووی خواردن و كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش. هۆرمۆنی گهێرلین ئارەزووی خواردن زیاد دەكات، دەرەنجام رێگا خۆش دەكات بۆ قەڵەوی و ئاڵۆزییەكانی. رێكخستنی كێشی لەش مەسەلەیەكی زۆر ئاڵۆزە، لە لەشماندا باڵانسێكی تایبەت هەیە لە نێوان بڕی وەرگیراوی وزە و بڕی وزەی سەرفكراودا. لە كەسانی قەڵەودا، بڕی وزەی وەرگیراو لە خۆراكەوە زیاترە لە بڕی وزەی سەرفكراو بە جووڵە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی چەوری لە لەش و زیادبوونی كێش. هۆرمۆنی برسیبوون بە شێوەیەكی سەرەكی لە گەدەوە بەرهەم دێت، ئەگەرچی بڕێكی كەم لە گلاندی پتیوتەری، هەروەها لە پەنكریاس و ریخۆڵەی باریكە و قۆڵۆنیشدا بەرهەم دەهێنرێت. كاریگەریی سەرەكی هۆرمۆنی گهرێلین بریتییە لە زیادكردنی ئارەزووی خواردن، میكانیزمی ئەم كاریگەرییە تا رادەیەك ئاڵۆزە، چونكە چەندین هۆرمۆنی تر دەگرێتەوە بەتایبەتی هۆرمۆنی گەشە و كۆرتیزۆل Cortisol. ئەم هۆرمۆنە لە گەدەوە سیگناڵ بە رێگای دەمارەوە دەگەیەنێتە مێشك، هەروەها هانی دەردانی ترشەڵۆكی گەدە و گرژبوونی گەدە دەدات كە وەكو قۆڕەی سك لەكاتی برسیبووندا هەستی پێدەكرێت. جۆر و بڕی خۆراك رۆڵی هەیە لە كۆنترۆڵكردنی ئاستی دەردانی هۆرمۆنی گهرێلین.
Top