كیسی زراو Gallbladder ئەندامێكی شێوە هەرمێیە كەوتۆتە بەشی سەرەوەی لای راستی سك راستەوخۆ لەژێر جگەردا، ئەم كیسە شلەی زەرداو هەڵدەگرێت و بەرە بەرە دەچێتە ناو ریخۆڵە بۆ هەرسكردنی چەورییەكان. بەردی زراو Gallstones گەلێك جار بێ نیشانەیە بۆیە پێویست بە چارەسەر ناكات، بەڵام لەگەڵ بوونی نیشانەكان لابردنی كیسی زراو بە نەشتەرگەری پێویست دەكات. نیشانەكانی بەردی زراو سەرهەڵدەدەن بەتایبەتی ئەگەر بەردێك بكەوێتە سەر رێڕەوی یان جۆگەی زراو، نیشانەكان بریتین لە: ئازارێكی توند و كتوپڕ لە بەشی سەرەوە و لای راستی سكدا یان ئازارێكی توند و كتوپڕ لە ناوەڕاستی سكدا، ئازاری پشت لە نێوان هەر دوو شاندا، ئازار لە شانی راستدا، ئازارەكە لەوانەیە كە بۆ ماوەی چەند خولەكێك تا چەند كاتژمێرێك بەردەوام بێت، ئازارەكە زیاتر لەپاش ژەمی خۆراكدا سەرهەڵدەدات، لەوانەشە شەو رووبدات و هێندە توند بێت كە تووشبوو لە خەو بێدار بكاتەوە، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، هێڵنج، لەوانەیە رشانەوە رووبدات و لە ئازارەكە سووك بكات. لەكاتی روودانی ئاڵۆزییەكانی بەردی زراودا، بۆ نموونە گیرانی جۆگەی زراو ئەوا نیشانەی تر لە نەخۆشدا دەردەكەون وەكو: توندبوونی ئازاری سك كە نەخۆش توانای وەستان یان خۆڕاستكردنەوەی نەبێت، زەردوویی Jaundice، تۆخبوونی رەنگی میز، بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی پلەی گەرمی لەش و هەستكردن بە لەرز یان سەرما Chills.