باشترین كات بۆ وەرگرتنی ڤیتامینەكان

باشترین كات بۆ وەرگرتنی ڤیتامینەكان
كاتی وەرگرتنی ڤیتامینەكان بە شێوەی دەنك یان كەپسول پەیوەستە بە جۆری ئەو ڤیتامینەی كە وەردەگیرێت. پێش یان پاش یان لەگەڵ ژەمی خواردندا، ژەمی بەیانی، نیوەڕۆ یان ژەمی ئێوارە، ئەمانە هەمووی پەیوەستن بە جۆری ڤیتامینەكان. ئەگەر كەپسولێك وەردەگریت كە هەموو یان زۆربەی ڤیتامینەكان لەخۆبگرێت واتە ماڵتی ڤیتامین Multivitamin ئەوا باشترین كات ژەمی بەیانی یان یەكەم ژەمی رۆژە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە ئەم ڤیتامینانە دەستكردن و لەگەڵ ژەمی خواردن و ڤیتامینە سروشتییەكانیدا باشتر هەڵدەمژرێن. بە گوێرەی كۆمەڵەی ڤیتامین B، واباشترە كە لەكاتی بەیانیدا وەربگیرێن چونكە چالاكیان دژی سترێس و ماندووبوون هەیە، وەرگرتنیان لەكاتی شەودا دەبێتە هۆی تێكچوونی خەو. ئەو ڤیتامینانەی كە تەنیا لە چەوریدا دەتوێنەوە وەكو ڤیتامین A، D، E، K پێویستە كە لەگەڵ بڕێك خۆراكی چەوردا وەربگیرێن بۆ دڵنیابوون لە هەڵمژینیان. لە چەند لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە لەوانەیە وەرگرتنی ماڵتی ڤیتامین لە هیچ حاڵەتێك پێویست نەكات، لەوانەشە كە بۆ هەندێك كەس زیانبەخش بێت. لە سەردەمی ئێستاماندا، زۆربەی خۆراكەكان بە ڤیتامین دەوڵەمەند كراون، بۆیە وەرگرتنی ڤیتامینی دەستكرد دەبێتە هۆی زیادبوونی كە پترە لە بڕی پێویستی رۆژانە لە هەر ڤیتامینێك، بۆیە واباشە كە وەرگرتنی ڤیتامین تەنیا بە رێنمایی دكتۆر بێت.
Top