لەش پێویستی زۆری بە ئاوە بۆ ئەنجامدانی هەموو فرمانەكانی بە دروستی، زۆربەی كارلێكە زیندەكیمیاییەكان لە هەموو خانەكانی لەشدا پێویستییان بە ئاوە، هەروەها ئاو زۆر گرنگە بۆ گەیاندنی خۆراك بە لەش لە رێگای خوێنەوە و رزگاربوونی لەش لە ماددە زیانبەخش و پاشەڕۆكان. لە مانگەكانی هاوینداو لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و زیادبوونی رێژەی ئارەقەكردندا، پێویستیی لەش بە ئاو زیاتر دەبێت. رێژەی ئاو لە لەشی مرۆڤدا نەگۆڕە، كەمبوونەوەی شلەی لەش یان وشكبوونەوە Dehydration گەلێك نیشانەی لێدەكەوێتەوە وەكو زوو ماندووبوون، لەش داهزران. ونكردنی بڕێكی زۆری شلەی لەش و وشكبوونەوە حاڵەتێكی مەترسیدارە، ئەگەر زوو چارەسەرنەكرێ دەبێتە ئەگەری مردن. كەسێكی پێگەیشتوو لە هاویندا پێویستە كە رۆژانە 2- 2.5 لیتر ئاو بخواتەوە،كە دەكاتە 8-12 پەرداخ ئاو بە پێی قەبارەی پەرداخ، بەشێكی تریش لە خۆراكەوە دەگاتە لەش بەتایبەتی سەوزە و میوە. پێویستیی رۆژانەی ئاو زیاد دەبێت لە كەشی گەرم و لەكاتی وەرزشكردندا، هەروەها لەكاتی نەخۆشییەكانی سكچوون، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش. هەرگیز بڕێكی زۆری ئاو لە یەك كاتدا مەخۆرەوە، شیری كەم چەوری یان بێ چەوری، ماستاو، شیری میوەی سروشتی بێ شەكر خواردنەوەی گونجاون، بەڵام هەرگیز كۆلا و خواردنەوە گازدارەكانی تر، سپۆرت درینك، خواردنەوە وزەبەخشەكان، شەربەتی دەستكرد، چای، قاوە، بۆ شكاندنی تێنوویەتی لە ئاو باشتر و گونجاوتر نین.