گەشە و گەورەبوونی قەبارەی مەمك بەشێكی ئاساییە لە گەشەی جەستەیی گشتیی ئافرەتدا. سەرەتا لەگەڵ تەمەنی باڵغبووندا دەستپێدەكات، پاشان لەگەڵ دووگیانی و زیادبوونی كێشی لەشدا گۆڕان بەسەر گەشە و قەبارە و شێوەی مەمكدا دێت. ئەگەرچی گۆڕان لە قەبارەی مەمكدا بێ ئازارە، بەڵام لە لایەنی جوانی جەستە و دەروونییەوە كاریگەری زۆر دەكاتە سەر هەموو ئافرەتێك. زانینی ئەو هۆكارانەی كە رۆڵیان هەیە لە دیاركردنی قەبارەی مەمك وا لە ئافرەت دەكات كە بە قەناعەتەوە قەبارەی مەمكیان قبوڵ بن، هەروەها درك بەوە بكەن كە قەبارەكە ئاسایی و تەندروستییانەیە. هەڵبەزین و دابەزینی هۆرمۆنی ئیسترۆجین Estrogen رۆڵی گەورەی هەیە لە گەشەی مەمكدا بە درێژایی ژیانی هەر ئافرەتێك. لە كچدا، كە هێلكەدانەكان پێدەگەن، هۆرمۆنی ئیسترۆجین دەردەدەن، بەمەشەوە گەشە و گەورەبوونی مەمك دەستپێدەكات، هەروەها بەر لە دەستپێكی عادە بە هۆی كۆبوونەوەی ئاو لە لەشدا بە كاریگەری هۆرمۆنەكان مەمك گەشە دەكات و قەبارەی گەورە دەبێت. بەكارهێنانی دەنكی رێگرتن لە دووگیانی(حەبی مەنع) كە هۆرمۆنی ئیسترۆجین لەخۆدەگرن لە هەندێك ئافرەتدا رۆڵی هەیە لە گەشەكردن و گەورەبوونی مەمك. بەشێكی زۆری قەبارەی مەمك لە شانەی چەوری پێكهاتووە، بۆیە كە كێشی لەش زیاد دەكات قەبارەی مەمكیش گەورەتر دەبێت. چەندێتی گەورەبوونی قەبارەی مەمك لەگەڵ زیادبوونی كێشی لەشدا لە ئافرەتێك بۆ ئافرەتێكی تر جیاوازی هەیە. گەشە و گەورەبوونی مەمك لەكاتی دووگیانیدا زیاتر بە هۆی گۆڕان لە ئاستی هۆرمۆنەكانەوە روودەدات نەك تەنیا بە هۆی زیادبوونی كێشی لەش. ئەو ئافرەتانەی كە شیری سروشتی دەدەنە منداڵەكانیان بەردەوام دوچاری گۆڕان لە قەبارە و شێوەی مەمك دەبنەوە لەگەڵ شۆڕبوون Sagging و دەركەوتنی هێڵی گورجبوون Stretch marks لەسەر پێستی مەمكدا.