ماندووبوونی چاو بە كۆمپیوتەر

ماندووبوونی چاو بە كۆمپیوتەر
ماندووبوونی چاو Eye fatigue لەكاتی زیاد بەكارهێنانی كۆمپیوتەردا روودەدات كە ماسوولكەكانی چاو هیلاك دەبن، چاو وشك دەبێت، تووشی خورشت دەبێت، لەوانەشە كە ببێتە هۆی ئازاری چاو. بۆ خۆپاراستن لە ماندووبوونی چاوەكان لەكاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەردا، پێویستە كە كات بە ماسوولكەكانی چاو بدرێت بۆ خاوبوونەوە یان حەسانەوە، بۆ نموونە لابردنی چاوەكان لەسەر شاشەی كۆمپیوتەر و سەیركردنی شتێكی دوورتر لە شاشە هەر كاتژمێر جارێك بۆ ماوەی چەند خولەكێك. شێوەی دانیشتن و مێزی كۆمپیوتەر هۆكارن بۆ زووتر یان درەنگتر ماندووبوونی چاوەكان، بۆ نموونە ماندوووبوونی چاو زووتر و زیاتر روودەدات ئەگەر ئاستی شاشەی كۆمپیوتەر بەرزتر یان نزمتر بێت لە ئاستی چاودا، بۆیە واباشترە كە شاشەی كۆمپیوتەر وا دابنرێت یان رێكبخرێت كە لە ئاستی چاودا بێت. لەكاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەردا، هەرچەند چاو بە یەك ئاراستە فۆكەس لە خاڵێك بكات، هێندە زووتر دوچاری هیلاكی دەبێت. بۆ هەر 3- 5 خولەكێك لە سەیركردنی كۆمپیوتەر، پێویستە كە بۆ ماوەیەكی كورت سەیری تەنێكی نزیكتر یان دوورتر بكەیت، ئەمە یارمەتی خاوبوونەوەی ماسوولكەكانی چاو دەدات. هەروەها سووڕاندنی چاو بۆ لای راست و چەپ، پاشان بۆ سەرەوە و خوارەوە، هەنگاوێكی ترە بۆ خۆپاراستن لە ماندووبوونی چاو لەگەڵ زوو زوو داخستنی چاو بۆ رێگرتن لە وشكبوونی كە دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و سووتانەوە. لە هەندێك حاڵەتی سەختی ماندووبوونی چاودا بە كۆمپیوتەر، پێویست بە سەردانی دكتۆری پسپۆری چاو دەكات.
Top