ئەكزیما Eczema نەخۆشییەكی باوی پێستە، گەلێك كەس بە هەوكردنی پێست ناوی دەبەن. ئەكزیما بە چەندین شێوە خۆی پیشان دەدات، بەڵام بەگشتی 5 نیشانەی سەرەكی لە هەموو جۆرەكانی ئەكزیمادا بەدی دەكرێن كە بریتین لە: خورشت كە لەوانەیە زۆر توند بێت و ببێتە هۆی داڕووشانی پێست و هەوكردنی پێست بە بەكتریا، تفر فڕێدان Scaling كە دەبێتە ئەگەری زبربوونی پێست، سووربوونەوە كە لەوانەیە هەندێك جار حاڵەتەكە بگاتە خوێنبەربوون، سەرهەڵدانی بڵۆق كە پڕن لە شلە و پاشان دەتەقن و قەتماخ پەیدا دەكەن، قڵیشانی پێست Cracking كە دەبێتە هۆی ئازار. بە گوێرەی جۆری هۆكارەكان، نیشانەكانی ئەكزیما ناوە ناوە سەختتر دەبن، لەوانەشە نیشانەكان سووك بن و ئەكزیما ببێتە حاڵەتێكی درێژخایەن. ئەكزیما لەوانەیە لە گەلێك شوێنی لەشدا رووبدات وەكو پێستی دەستەكان، قاچەكان، روو، پێستی ئەنیشك. ئەم نەخۆشییەی پێست هەرگیز لە یەكێكی تووشبوو بۆ یەكێكی ساغ ناگوازرێتەوە، بەڵام مەیلێكی خێزانی هەیە، كەواتە جینەكان و ژینگە هۆكارن بۆ تووشبوون بە ئەكزیما.