بەهای خۆراكی كەوەر Leeks دەگەڕێتەوە بۆ رێژە بەرزەكەی ماددەی كایمفیرۆل Kaempferol كە لە كۆمەڵە دژەئۆكسانی فلاڤۆنۆیدەكانە Flavonoids و رۆڵی هەیە بۆ پاراستنی ناوپۆشی بۆڕییەكانی خوێن و فراوانبوونەوەیان. كەوەر، سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامین C، B6، K، هەروەها كانزایەكانی ئاسن و مەنگەنیز كە گرنگی زۆریان هەیە بۆ: خۆپاراستن لە نەخۆشیی دڵ و خوێنبەرەكان، چاكبوونەوەی برین، مەیینی خوێن لەكاتی برینداربوون و خوێنبەربووندا، بەدەستهێنانی وزە و سەرفكردنی، دروستبوونی هیمۆگلۆبین، پاراستنی ئێسك و شانە بەستەرەكان. هەروەها كەوەر بە رێژە بەرزەكەی ماددە پۆلیفینۆلەكان Polyphenols بەتایبەتی ترشی گالیك Gallic acid كە بە رێژەی 33 ملگم لە هەر 100 گرام كەوەردایە، رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، خۆپاراستن لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، خۆپاراستن لە زیادبوونی كێشی لەش، سووككردنی نیشانەكانی هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان لە ئازار و ئاوسان و سخبووندا. جگە لەمانە، كەوەر رێژەیەكی بەرز لە فۆلێت یان ڤیتامین B9 لەخۆدەگرێت كە گرنگیی زۆری هەیە لەكاتی دووگیانیدا بۆ پاراستنی كۆرپە لە سەقەتی زگماكی، هەروەها ئاستی ماددەی هۆمۆسیستین Homocysteine لە خوێندا كەم دەكاتەوە، رێژەی بەرزی ئەم ماددەیە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان زیاد دەكات.