گەلێك خۆراك لە لەشدا دەگۆڕێن بۆ شەكری گلوكۆز كە سەرچاوەی وزەیە بۆ لەش. جۆری خۆراك رۆڵێكی گەورەی هەیە لە كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێندا. نیشاستەكان واتە كاربۆهیدرات دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، پێویست بە قەدەغەكردنیان ناكات بەڵكو سنوورداركردنی بڕەكەی پێویستە، بۆ نموونە برنج، گەنمەشامی، دانەوێڵە، مەعكەرۆنە، پەتاتە، نۆكەكان، كولەكەی زستانی. میوەكان كاربۆهیدرات لەخۆدەگرن، نەخۆشانی شەكرە دەتوانن ئەو جۆرانەی میوە بە كەمی بخۆن: سێو، پرتەقاڵ، مۆز، ترێ، هەرمێ، خۆخ، ئاڵو، كشمیش، میوەی وشك و میوە قوتووبەند و شیرەی میوە كە شەكریان تێنەكرابێت. پێویستە كە شیر یان ماست سنووردار بكرێت بۆ 2 جار لە رۆژێكدا، شیر و ماستی كەم چەوری یان بێ چەوری گونجاون بۆ نەخۆشانی شەكرە، چونكە بڕی چەورییە تێرەكان سنووردار دەكات. بڕی كەم لە گۆشتی بێ بەز، سینگی پەڵەوەڕ، ماسی گونجاون بۆ نەخۆشانی شەكرە، هەروەها سپێنەی هێلكە یان پەنیری كەم چەوری یان پرۆتینی پاقلەی سۆیا(تۆفو Tofu) بە بڕی دیاریكراو. نەخۆشانی شەكرە دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان سەوزەی بێ نیشاستە بخۆن، لەوكاتەی كە وزەی كەم لەخۆدەگرن لەگەڵ رێژەی بەرزی ڤیتامین و كانزا و ماددەی دژەئۆكسان، بۆ نموونە: سەوزە گەڵا تاریكەكان، خەیار، تەماتە، گێزەر، كەرەوز، هیلیۆن Asparagus، برۆكۆلی، قەرنابیت، كەلەرم، سپێناغ، فاسولیا و لۆبیای سەوز، بیبەرەكان، پیاز.