مەشقی وەرزشی خەمۆكی سووك دەكات

مەشقی وەرزشی خەمۆكی سووك دەكات
ئەمە راستییەكی پزیشكییە كە ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی مەزاج باشتر دەكات و خەمۆكی Depression سووك دەكات. لەكاتی ئەنجامدانی مەشقی وەرزشیدا، لەش چەند ماددەیەك بەناوی ئیندۆرفینەكان Endorphins دەردەدات كە بە كاریگەری لەسەر شانەكانی مێشكدا ئاستی هەستكردن بە ئازار كەم دەكەنەوە، هەروەها وەكو مۆرفین Morphine هەستی پۆزەتیڤ لە لەشدا زیاد دەكەن، دەروون هێوردەكەنەوە بێ ئەوەی كە ببنە هۆی راهاتن، لەگەڵ سووككردنی سترێس و پتەوكردنی باوڕ بەخۆبوون، بەلاوەنانی پەستی، باشتركردنی خەو. جگە لە سوودە دەروونییەكان، مەشقی وەرزشی سوودی جەستەیی زۆری هەیە كە گرنگترینیان بریتین لە: بەهێزكردنی دڵ، بەرزكردنەوەی ئاستی وزە، دابەزاندنی پەستانی خوێن، باشتركردنی تۆن و هێزی ماسوولكە، هاندانی پتەویی و بینای ئێسك، كەمكردنەوەی چەوریی لەش. هەر جۆرێكی مەشقی وەرزشی ئەم ئامانجە دەپێكێت، بۆ نموونە لێخوڕینی پایسكل، رۆیشتن، راكردن، مەلە، تێنس، یۆگا. گەلێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە دەكرێ مەشقی وەرزشی ببێتە هەنگاوێكی ئاكتیڤ بۆ چارەسەركردنی خەمۆكی سووك و مامناوەندی، جەخت لەسەر ئەمەش كراوەتەوە كە ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی بە گروپ یان لەگەڵ هاوڕێیەكدا ئەنجامی باشتری دەبێت بەتایبەتی كە ئەنجامدانی هەر چالاكییەك بە گروپ سەپۆرتی كۆمەڵایەتی بەهێز پەیدا دەكات كە زۆر پێویستە بۆ كەسانی تووشبوو بە خەمۆكی.
Top