ئەسپرین بۆ خۆپاراستن لە نۆرەی دڵ

ئەسپرین بۆ خۆپاراستن لە نۆرەی دڵ
ئەسپرین Aspirin بە شێوەیەكی سەرەكی بۆ سووككردنی سەرئێشە یان ئازاری لەش و دابەزاندنی پلەی بەرزی گەرمیی لەش بەكاردێنیت، بەڵام لەبەر ئەوەی كە ئەسپرین خوێن شل دەكاتەوە بەوەی كە نایەڵێت خەپلەكانی خوێن بەیەكەوە بنووسێن، هەر لە پاش ساڵانی حەفتاكاندا بەكارهاتووە بۆ خۆپاراستن لە روودانی نۆرەی دڵ بەتایبەتی لەو كەسانەی كە لە رابردوودا جارێك یان پتر دوچاری نۆرەی دڵ بووبن. هەروەها ئەمەش روونكراوەتەوە كە وەرگرتنی ژەمێكی بچووكی ئەسپرین لەوانەیە كە ئەگەری تووشبوون بە نۆرەی دڵ و نەخۆشییەكانی دیكەی كۆئەندامی دڵ و سووڕان بۆ یەكەم جار تا رادەیەكی باش كەم بكاتەوە بەتایبەتی لە پیاودا. نیشتنی چەوری لە ژێر ناوپۆشی خوێنبەردا كە دەگاتە قەبارەیەكی دیاریكراو، ئەوا لەوانەیە كە بتەقێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی تۆپەڵی بچووكی خوێنی مەییو بە خێرایی كە لەوانەیە خوێنبەرەكە بە تەواوی بگیرێت، جا ئەگەر ئەمە لە خوێنبەرێكی تاجی دڵدا رووبدات ئەوا دەبێتە هۆی نۆرەی دڵ، ئەسپرین ئەگەری دروستبوونی تۆپەڵی مەییوی خوێن كەم دەكاتەوە. پێویستە كە ئەمەش بزانرێت كە رۆژانە وەرگرتنی ئەسپرین لەوانەیە ببێتە هۆی زیانی لابەلای مەترسیدار، بۆ نموونە خوێنبەربوون لە ناوەوەی لەشدا. بەگشتی پسپۆڕانی تەندروستی پێیان باش نییە كە رۆژانە لەخۆتەوە ئەسپرین بۆ هیچ مەبەستێك بەكاربێنیت، بەڵكو وا باشە كە تەنیا بە رێنمایی دكتۆر بێت.
Top