هۆكارەكانی سەقەتیی زگماكی كۆرپە

هۆكارەكانی سەقەتیی زگماكی كۆرپە
سەقەتیی زگماكی یان سەقەتیی كۆرپە Birth defects واتە بوونی هەر ناتەواوییەك لە لەشی كۆرپەدا كە كاریگەری بكاتە سەر فرمان و پێكهاتەی بەشێكی لەش یان میتابۆلیزمی لەش، ئەمەش لەوانەیە كە لەكاتی دووگیانی، لەكاتی منداڵبوون، یان لە تەمەنێكی بچووكی منداڵیدا دەستنیشان بكرێت. سەقەتیی زگماكی كۆرپە لەوانەیە كە سادە بێت، لەوانەیە هەندێك جاریش كوشندە بێت. هۆكارەكانی سەقەتیی زگماكی كۆرپە بریتین لە: گرفتی جینەكان Genetic disorders بە شێوەی گۆڕان یان ونبوونی جینێكی دیاریكراو، تووشبوونی دایك بە نەخۆشی لەكاتی دووگیانیدا وەكو هەوكردنەكان كە كاریگەریی نێگەتیڤ دەكەنە سەر دایكی دووگیان و كۆرپەكەی، جگەرەكێشان، ئەلكهول یان بەكارهێنانی دەرمان لەكاتی دووگیانیدا بەتایبەتی لە مانگەكانی سەرەتادا، جیاوازی لە گروپی خوێنی دایك و گروپی خوێنی كۆرپە لە فاكتەری ریسەسدا Rh، كەمیی شلەی دەوری منداڵ، بەركەوتن بە تیشك Radiation، بۆ نموونە تیشكی ئێكس كە كاریگەری دەكاتە سەر جینەكانی كۆرپە بەتایبەتی لە 3 مانگی سەرەتای دووگیانیدا كە كۆرپە لە قۆناغی پەرەسەندندایە، هەندێك جاریش سەقەتی كۆرپە بە بێ هیچ هۆكارێكی زانراو روودەدات.
Top