كە زەبر بەر سەر دەكەوێت

كە زەبر بەر سەر دەكەوێت
زەبری دەرەكی بۆ ناوچەی سەر Head Injury لە زۆربەی حاڵەتەكاندا مەترسی هەیە، ئەگەر نیشانەكانی خێرا و هاوكاتیش نەبن لەگەڵ زەبرەكەدا ئەوا لەوانەیە كە لە داهاتوودا زوو یان درەنگ نیشانەیەك یان پتر سەرهەڵبدات، بۆ نموونە سەرئێشە، پەركەم، لاوازبوونی بەشێكی لەش. بە ڕای گەلێك لە پسپۆڕانی تەندروستی، زۆربەی نەخۆشییەكان لە ئەنجامی زەبری دەرەكی بۆ ناوچەی سەر پەیدا دەبن جا تووند بێ یان سووك، كۆن یان نوێ، كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری خوێنبەربوون یان برینداربوونی بەشێكی مێشك، زۆرجاریش دەبێتە ئەگەری خوێنبەربوونێكی كەم وەكو تۆپەڵ یان گرێیەكی زۆر بچووكی خوێنی مەییو Hematoma كە هەتا بە وێنەگرتنی ڕەنینی موگناتیسی MRI كە دەزگایەكی زۆر پێشكەوتووە و هەستیارە دەستنیشان نەكرێت، دەرئەنجام ئەمڕۆ یا سبەی كێشەیەكی تەندروستی پەیدا بكات. ئێستا دەزگای پێشكەوتووتر هەیە كە توانای دەستنیشانكردنی گرێی یەكجار بچووكی لە مێشكدا هەیە، بۆ نموونە دەزگای MSI، دەزگای Peth. مەترسی زەبر بۆ ناوچەی سەر لەوەدایە كە تا چ ڕادەیەك بەشەكانی یان شانەكانی مێشك زیانیان پێگەیشتووە كە بە نیشانەكان و پشكنینەكان دەستنیشان دەكرێت، بۆ نموونە: تەكانی مێشك، برینداربوون و تێكشكانی شانەكانی مێشك، خوێنبەربوون لە شوێنی جیاواز لەناو مێشكدا.
Top