چەورییە گرنگەكان

چەورییە گرنگەكان
هەندێك جۆری ترشە چەوری هەیە كە زۆر پێویستن بۆ لەش و چەندین فرمانی زیندەیی رادەپەڕێنن. لەش توانای دروستكردنی ئەم ترشە چەورییانەی نییە، بۆیە پێویستە كە لە خۆراكەوە وەربگیرێن. بەگشتی 2 جۆری ترشە چەوری زۆر پێویستن بۆ تەندروستی كە بریتین لە ئۆمیگا 3 و ئۆمیگا 6، سوودە تەندروستییەكانیان بریتین لە: یارمەتیدانی گەشەی خانە و دروستیی پەردەی خانە، لەوانەیە رۆڵیان هەبێت لە كپكردنی خانە شێرپەنجەییەكاندا، یارمەتیدانی گەشە و فرمانی مێشك و كۆئەندامی دەمار، باشتركردنی فرمانی گلاندی دەرەقی و گلاندی ئەدرینال Adrenal gland، خۆپاراستن لە دروستبوونی تۆپەڵە خوێنی مەییو Blood clots كە دەبێتە هۆی نۆری دڵ و جەڵتەی مێشك، چالاكی دژی هەوكردنی جومگەكان بە شێوەی كەمكردنەوەی ئازار و ئاوسان و سخبوونی جومگە، رێكخستنی پەستانی خوێن، هاریكاریكردنی سستمی بەرگریی لەش و فرمانی جگەر، سافكردنی پێست و سووكردنی نیشانەكانی ئەكزیما، پاراستنی تەندروستی نینۆك و قژ. كەمی ئۆمیگا 3 لە خۆراكدا دەبێتە هۆی: كەمبوونەوەی توانای مێشك بۆ بیرهاتنەوە، هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج، قڵیشانی پێست، ناسكبوونی نینۆك و قژ، بێ هێزبوونی بینین. سەرچاوە خۆراكییەكانی ترشە چەورییە گرنگەكان بەتایبەتی ئۆمیگا 3 ئەمانەن: كاكڵەكان وەكو باوی و گوێز و كازو، پاقلەی سۆیا، زەیتی كانۆلا، زەیتی كەتان، ماسی ئاوی سارد وەكو سالمۆن، تونە، روبیان.
Top