زیاد گەرمكردن و (قرچاندنەوەی) Frying زەیت و دووبارە بەكارهێنانی لە لایەنی تەندروستییەوە پەسەند ناكرێت. ئەگەرچی دووبارە گەرمكردنەوەی زەیتی رووەك نابێتە هۆی هایدرۆجینبوون Hydrogenation بەڵام دەبێتە هۆی ئۆكسانی زەیتەكە. ئۆكسانی Oxidation زەیت دەبێتە هۆی تێكچوون لە پێكهاتەی زەیت و گۆڕان لە سیفەتە سروشتییەكانی، هەروەها تێكشكانی ماددە گرنگەكانی بەتایبەتی ڤیتامین E، هەر چەند زیاتر گەرم بكرێت هێندە ئۆكسانی زەیتەكە خێراتر دەبێت. گۆڕانێكی تەكنیكی بە گەرمكردنی زەیت روودەدات كە بریتییە لە یەكگرتنی ترشە چەورییە ناتێرەكان Unsaturated و گۆڕانیان بۆ ترشە چەورییە تێرەكان Saturated كە بە چەورییە خراپەكان بۆ تەندروستی هەژماردەكرێن. دووبارە بەكارهێنانەوەی زەیتێك كە جارێك یان پتر بۆ سووركردنەوەی خۆراكێك بەكارهاتبێت شتێكی باش نییە، چونكە بەها خۆراكییەكەی كەم دەبێتەوە و رێژەی چەورییە خراپەكانی زیاد دەكات. بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ زەیتێكی ئۆكسێنراودا بارگرانی دەكەوێتە سەر لەش و پێویستی بە وزە و ماددەی گرنگەوە دەبێت. ئەم راستییە بەسەر هەموو جۆرەكانی زەیتی رووەكدا دەچەسپێت هەتا زەیتی زەیتوونیش كە بە باشترین زەیت دادەنرێت.