بەگشتی پەستانی نزمی خوێن بە نیشانەیەك بۆ تەندروستییەكی باش هەژمار دەكرێت. هەروەها زیاتر بەندە بە لایەنی زگماكی و مانای ئەگەری كەمتر بۆ تووشبوون بە نەخۆشيی دڵ دەگەیەنێت. بەڵام دابەزینی پەستانی خوێن بۆ كەمتر لە 90/60 ملم جیوە Hypotension گەلێك نیشانەی لێدەكەوێتەوە وەكو: سەرسووڕان، هەستكردن بە سووكبوونی سەر. ئەگەر نەخۆشی بووبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن وەكو نەخۆشيی گلاندی دەرەقی، كەمبوونەوەی شلەی لەش یان نەخۆشيی شەكرە، ئەوا نیشانەی دیكەش لە تووشبوودا دەردەكەون وەكو: كەمبوونەوەی تەركیز، لێڵبوونی بینین، هێڵنج، هەستكردن بە سەرما، كاڵبوونی رەنگی پێست، خێرابوون و تەنكبوونی هەناسە، دڵتوندی، هەستكردن بە ماندووبوون، هەستكردن بە تێنوێتی. لە زۆربەی حاڵەتەكادا پەستانی نزمی خوێن بە چارەسەركردنی هۆكارەكەی ئاسایی دەبێتەوە، ئەگەر هیچ هۆكارێكی نەبوو ئەوا پێویست بە چارەسەركردن ناكات، لە هەندێك حاڵەتی سەختتدا بە دەرمانی تایبەت پەستانی خوێن بۆ پێوانەی ئاسایی بەرز دەكرێتەوە.