ترس لە قوتابخانە School phobia جۆرێكی تۆقینە، واتە رەتكردنەوەی چوون بۆ قوتابخانە بە شێوەیەكی توند، ئەمەش زیاتر لە منداڵان دەبینرێت لە تەمەنی نێوان 8- 13 ساڵیدا. منداڵی تووشبوو كە فشاری دەخرێتە سەر لەوانەیە كە لە لایەنی فیزیكییەوە نەخۆش و بێ تاقەت بێت یان بە ئانقەست خۆی نەخۆش و هیلاك پیشان بدات، لەكاتی گەیشتن بۆ قوتابخانە لەوانەیە نەچێتە هۆبەی خوێندنەوە بەڵكو بۆ شوێنێكی تر رابكات، هەروەها لەوانەشە كە هەڵسوكەوتی بگۆڕێت لە قوتابخانە و لەناو پۆلدا كێشە بنێتەوە، لەكۆتاییدا لەوانەیە كە بە باسكردنی قوتابخانە بە توندی ناڕەحەت یان تووڕە بێت. هۆكارەكانی ترس لە قوتابخانە ئەمانەن: پەستی، سترێس، گرفت لە فێربوون، شێوەی وانە گوتنەوە و رەفتاری توندوتیژی مامۆستا لەگەڵ قوتابیدا، شوێن گۆڕكێ، جیابوونەوەی دایك و باوك، لەدەستدانی كەسێكی نزیك. ئەم كێشەیە هەر كە هەستی پێكرا پێویستە زوو چارەسەربكرێت، بۆ نموونە یارمەتیدان و هاندانی قوتابی لە ماڵ لە لایەن دایك و باوكەوە لەگەڵ یارمەتیدان بۆ جێبەجێ كردنی ئەركی وانەكان، هەروەها لە قوتابخانەدا لە لایەن ئیدارە و بەڕێوەبەر. بێگومان دەست نیشان كردنی هۆكارەكان رێگا بۆ چارەسەركردن ئاسان دەكات. چارەسەری دەروونی Psychotherapy لە لایەن دكتۆری پسپۆری دەروونی دوا هەنگاوی چارەسەركردنە.