بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەكاتی دووگیانیدا

بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەكاتی دووگیانیدا
هەندێك ئافرەت بۆ یەكەم جار لەپاش هەفتەی بیستەمی دووگیانیدا دووچاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەبن Gestational hypertension و لە ماوەی 6 هەفتەی پاش منداڵبووندا پەستانی خوێن بۆ حاڵەتی ئاسایی پێش دووگیانی دادەبەزێت، بەڵام ئەگەر لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن پرۆتین لەگەڵ میزدا بەدی بكرێت و نیشانەی تر دەركەون و پەستانی خوێن پاش منداڵبوون درەنگ دابەزێت، ئەوا بە حاڵەتەكە دەووترێت ژاراویبوونی دووگیانی Pre-eclampsia. هۆكاری تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن لەكاتی دووگیانیدا هێشتا بە تەواوی نەزانراوە. زۆربەی حاڵەتەكان بێ نیشانەن، بەڵام ئەگەر حاڵەتەكە بۆ ژاراویبوونی دووگیانی پەرەبسەنێت، ئەوا چەند نیشانەیەك لە تووشبوو دەردەكەون وەكو: سەرئێشەیەكی توند و بەردەوام، تێكچوونی بینین، سك ئێشە، رشانەوە، كەمبوونەوەی جوولەی كۆرپە. بەرزبوونەوەیەكی سادە یان مامناوەندی پەستانی خوێن لەكاتی دووگیانیدا نابێتە ئەگەری هیچ گرفتێك بۆ دایك و كۆرپە، بەڵام بەرزبوونەوەیەكی زیاتری پەستانی خوێن ئەگەری ئەم ئاڵۆزییانەی لێدەكرێت: جەڵتەی مێشك، نەخۆشیی گورچیلە، نەخۆشی جگەر، گرفتەكانی پەیوەست بە مەیینی خوێن، خوێنبەربوونی سەخت لە وێڵاش Placenta، كزبوونی گەشەی كۆرپە، منداڵبوونی ناكام یان پێشوەخت، لەدایكبوونی كۆرپە بە مردوویی.
Top