گرنگیدان بە پێستی منداڵی تازەبوو

گرنگیدان بە پێستی منداڵی تازەبوو
پێستی منداڵی تازەبوو زۆر ناسك و نەرمە، زۆریش هەستیارە، بۆیە چاودێرییەكی تایبەتی پێویستە. یەكێك لە گرفتە باوەكان زیپكەی منداڵە Baby acne كە بە هۆی ئەو هۆرمۆنانە روودەدات كە لە دایكەوە لەكاتی دووگیانیدا گەیشتوونەتە لەشی منداڵ، ئەم زیپكانە لەخۆیانەوە نامێنن بۆیە پێویست بە هیچ چارەسەرێك ناكات تەنیا ئەگەر زیپكەكان سەختتر بوون و پاش 3 مانگ چاك نەبوونەوە. شین و مۆربوونی چەند شوێنێكی لەش لەبەر تێپەڕبوونی منداڵ بە كەناڵی لەدایكبوون حاڵەتێكی باوە و هیچ مەترسی نییە و لەخۆیەوە پاش ماوەیەك كاڵ دەبێتەوە. چەند رۆژێك پاش لەدایكبوون، پێستی منداڵ وشك دەبێت و تفر فڕێ دەدات، لێرەدا هەفتانە تەنیا 3- 4 جار منداڵكەت بشۆ و بە توندی بە خاولی زبر پێست وشك مەكەرەوە چونكە پێستەكەی هێندە ناسكە لەوانەیە بە وشككردنەوە و داڕوشاندنێكی توند بقڵیشێت یان بدڕێت. بەكارهێنانی ماددەی شێداركەرەوە Moisturizer بە شێوەی گیراوە یان زەیتی منداڵ Baby oil سوودبەخشە، هەروەها كرێمی تایبەت بۆ چارەسەركردن و خۆپاراستن لە سووربوونەوەی پێست لە ئەنجامی بەكارهێنانی دایاپەر Diaper (حەفازە) سوودبەخشە. سابوون و پاككەرەوەی سووك بۆ شووشتنی منداڵ و جلەكانی بەكاربێنە. پاش شیردان، هەموو ئاسەوارەكانی شیر لەسەر دەموچاو و ملی منداڵەكەت پاك كەرەوە.
Top