لەگەڵ باڵغبووندا Pubarty گۆڕانێكی بەرچاو لە لایەنی سۆز و لایەنی دەروونیدا روودەدات لەگەڵ گەشەیەكی كتوپڕی جەستەیی، هەروەها زیادبوونی ئەگەری زاوزێ و دووگیانی و منداڵبوون. كێشی لەش كاریگەری دەكاتە سەر هاوسەنگی هۆرمۆنەكان لە لەشدا، شانە چەورییەكان هۆرمۆنی ئیسترۆجین Estrogen كە بە هۆرمۆنی مێیینە ناسراوە خەزن دەكەن، بۆیە كێشی زیاد و قەڵەوی هانی زووتر چوونە ناو باڵغبوون دەدەن، پێچەوانەی ئەمەش راستە واتە لاوازی یان كەمی كێشی لەش دەبێتە هۆی دواكەوتنی باڵغبوون، هەروەها ئەو كچانەی كە وەرزشی توند و بەردەوام ئەنجام دەدەن. ئەو گۆڕانانەی كە پەیوەستن بە باڵغبوون لە كچدا بەگشتی بەرە بەرە سەرهەڵدەدەن لە نێوان تەمەنی 9 تا 16 ساڵیدا. تەمەنی باڵغبوون لە كچێكەوە بۆ كچێكی تر دەگۆڕێت، هەروەها لە شوێنێكی جوگرافی بۆ شوێنێكی تر، بۆ نموونە لەو شوێنانەی جیهاندا كە شێوەی خۆراك و ئاستی ژیانیان باشە باڵغبوون لە تەمەنێكی بچووكتر واتە زووتر سەرهەڵدەدات. بالغبوون ئەو كاتە سەرهەڵدەدات كە گلاندی پتیوتەری Pituitary كە كەوتۆتە ژێرەوەی مێشك هۆرمۆنێك دەردەدات بە ناوی گۆنادۆترۆپین Gonadotropin كە هێلكەدانەكان هاندەدات بۆ زیاد بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئیسترۆجین.