گەلێك كەس رۆژانە بڕێكی زیادی سركەی سێو Apple Vinegar دەخەنە خۆراكەوە گوایە كێشی لەشیان دادەبەزێنێت، ئەمەش لە بازاڕەكاندا رەواجی زۆری بۆ سركەی سێو پەیداكردووە گوایە جگە لە دابەزاندنی كێش زۆر حاڵەت و نەخۆشی چارەسەر دەكات لە نەخۆشییەكانی پێستەوە بگرە تا دەگاتە شێرپەنجە، زۆریش جەخت لە وشەی(سروشتی) دەكرێتەوە و چەندین پاساوی جیاوازی بۆ دەهێنرێتەوە كە نەخۆشی چارەسەر دەكات. گەلێك بازرگان و كۆمپانیا بە فرۆشتنی سركەی سێو ملیۆنەها دۆلاریان قازانج كردووە، هەروەها گەلێك كەسیش بە بەكارهێنانی سركەی سێو سەرەڕای زیانی ماددی، زیانی تەندروستیشیان پێگەیشتووە. سركەی سێو وەكو سركەی هەنار یان سركەی خورما یان هەر سركەیەكی تر بریتییە لە ترشی سیتریك CH3COOH كە ماددەیەكی سووتێنەرە و پرۆتین دەتوێنێتەوە، بۆنموونە ئەگەر گۆشت بۆ ماوەی 24 كاتژمێر لەناو سركەدا دابنرێت ئەوا ناسكتر و هەرسكردنی ئاسانتر دەبێت، هەروەها سركە دەخرێتە ناو زەلاتە تاكو هانی دەردراوەكانی گەدە بدات بۆ هەرسكردنی خۆراك. تا ئێستا لە ناوندە زانستی و پزیشكییەكاندا هیچ شتێك نەسەلمێنراوە هەتا باسیش لەوە نەكراوە كە سركەی سێو تەنانەت یەك سوودی تەندروستی هەبێت، ئەگەر سوودێك هەبێت ئەوا لە سێودایە نەك لە سركەكەیدا.