دووگیانی لە كچی هەرزەكاردا Teenage pregnancy واتە لە ژێرەوەی 19 ساڵیدا ئاڵۆزيی زۆری لێدەكەوێتەوە كە گەلێك جار بە مردنی دایك، مردنی كۆرپە یان مردنی هەردووكیان كۆتایی دێت. دووگیانیی هەرزەكار مەسەلەیەكی ئاڵۆزە و چەندین لایەنی جیاواز دەگرێتەخۆ و پێویستی بە چاودێريی پزیشكیی چڕ و زیاترەوە هەیە بە درێژایی مانگەكانی دووگیانی. دووگیانیی هەرزەكار ئەگەری نەخۆشی و مردن بۆ هەردوو دایك و كۆرپە زیاتر دەكات، هەروەها ئەگەری ئەوە زیاترە كە توندوتیژی بەرامبەر بكرێت، ئەمەش هۆكاری دووەمی مردنی كچی دووگیانی هەرزەكارە. چەند ئافرەت لە 19ساڵ بچووكتر بێت هێندە لایەنی نێگەتیڤی زێتر دەبێت لەكاتی دووگیانیدا بەتایبەتی ئەگەری مردنی منداڵەكەی لە ساڵی یەكەمی تەمەنیدا. ئاڵۆزییەكانی تر بریتین لە: ئەگەری زیادبوونی ژمارەی منداڵ و كەمیی ماوەی نێوان 2 دووگیانی كە لە باری ئاساییدا واباشترە لە 2 ساڵ كەمتر نەبێت، لاوازبوونی باری ئابووری، دووركەوتنەوە لە قوتابخانە و تەواونەكردنی خوێندن، جێگیربوونی وێڵاشی كۆرپە لە بەشی خوارەوەی منداڵدان Placenta previa كە ئاڵۆزی بۆ دووگیانی پەیدا دەكات، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی پەیوەست بە دووگیانی، منداڵبوونی پێشوەخت، كەمخوێنی توند، ژاراویبوونی دووگیانی، كەمیی كێشی منداڵ لەكاتی لەدایكبووندا، كەم و كوڕی لە گەشەی منداڵ و زیادبوونی ئەگەری هەوكردنەكان.