دەتوانیت بە خۆراك چاوەكانت بپارێزیت لە تووشبوون بە ئاوی سپی Cataract، ئاوی رەش Glaucoma، هەروەها لە گۆڕانەكانی پەیوەست بە پیربوون كە لەوانەیە ببنە هۆی لەدەستدانی هەمیشەیی بینین. پەتاتەی شیرین وەكو سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی بیتا كارۆتین كە لە لەشدا دەگۆڕێ بۆ ڤیتامین A رۆڵی هەیە بۆ پاراستنی چاو لە شەوكوێری و كزبوونی چاو كە پەیوەستە بە پیربوون، هەروەها چاو لە هەوكردن دەپارێزێت. هەروەها گێزەر، كولەكەی زەرد، سەوزە گەڵا تاریكەكانی وەكو سپێناغ و سڵق سەرچاوەی ترن بۆ بیتا كارۆتین، جگەر و شیر و هێلكەش سەرچاوەی دەوڵەمەندن بۆ ڤیتامین A. ڤیتامین C كە دژەئۆكسانێكی بەهێزە رۆڵی هەیە بۆ پاراستنی چاو لە ئاوی سپی، خۆراكە دەوڵەمەندەكان بەم ڤیتامینە بریتین لە:فەراولە، برۆكۆلی، بیبەر، كاڵەك، میوە مزرەكانی وەكو لیمۆ و پرتەقال و كیوی. ترشە چەوری ئۆمیگا 3 چاو لە وشكبوون دەپارێزێت، سەرچاوە خۆراكییەكانی ئەمانەن: ماسیی سالەمۆن، ئەڤۆكادۆ، زەیتوون، تۆوی كەتان. هەروەها ڤیتامین D رۆڵی هەیە بۆ رێگرتن یان دواخستنی گۆڕانەكانی پەیوەست بە پیربوون، بۆ نموونە ماسیی ساردین، شیر سەرچاوەی باشن بۆ ئەم ڤیتامینە. چای سەوز سەرچاوەیە بۆ چەندین ماددەی دژەئۆكسان كە رۆڵیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە ئاوی سپی و ئەو كزبوونەی چاو كە پەیوەستە بە پیربوون.