نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان بە هۆكاری یەكەمی مردن لە جیهاندا هەژمار دەكرێت، بەتایبەتی نەخۆشی خوێنبەرەكانی تاجی دڵ واتە رەقبوونی خوێنبەر Artereosclerosis كە دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی یان گیرانی یەك خوێنبەر یان پتر، ئینجا جەڵتەی مێشك، نەخۆشی خوێنبەرەكان، پەككەوتنی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی خوێنهێنەرەكان، نەخۆشی خوێنبەری سییەكان، تای رۆماتیزمی كە ببێتە هۆی نەخۆشی لە زمانەكانی دڵ، لە كۆتاییدا دابەزینی پەستانی خوێن. پاش نەخۆشییەكانی دڵ و سووڕان، ئینجا ریزبەندی هۆكارەكانی تری مردن بریتین لە: شێرپەنجە، نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە، نەخۆشیی كۆئەندامی دەمار، نەخۆشیی كۆئەندامی هەرس، نەخۆشیی گورچیلە، هەوكردنەكان، نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشییەكانی ئێسك و ماسوولكە، خۆكوشتن، لە كۆتاییدا كارەساتی هاتووچۆ. ئەو هۆكارانەی كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكەن بریتین لە: ئاستی كۆلیستیرۆلی بەرز لە خوێندا، جگەرەكێشان، پەستانی بەرزیی خوێن، كەمی چالاكیی بەدەنی، نەخۆشیی شەكرە، تەمەنی 45 ساڵ و بەسەرەوە، مێژووی خێزانی بۆ نەخۆشیی دڵ لە تەمەنێكی زوو.