هەوكردنی تیژی پرۆستات Acute prostatitis كە زیاتر لە گەنجەكاندا دەبینرێت، حاڵەتێكی زۆر باو نییە، هۆكارەكە هەمان ئەو جۆرە بەكتریانەن كە هەوكردنی میزەڕۆ پەیدا دەكەن، هەروەها هەوكردن بە بەكتریای سووزەنەگ كە بە نایسیریا Neisseria ناسراوە و دوچاری كۆئەندامی میزەڕۆ دەبێت. نیشانەكانی هەوكردنی تیژی پرۆستات لەبەر ئاوسانی گلاندەكە روودەدەن بە شێوەی ژێرە پشت ئێشە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، سووتانەوەی میز لە هەندێك حاڵەتدا. هەوكردنی درێژخایەنی پرۆستات لەوانەیە كە لەپاش هەوكردنی تیژی پرۆستاتدا رووبدات، بەڵام لە بەساڵاچوواندا زیاتر لەبەر گیران یان تەسكبوونی رێڕەوەكانی كۆئەندامی میزەڕۆدا روودەدات. نیشانەكانی هەوكردنی درێژخایەنی پرۆستات بریتین لە زوو میزكردن و سووتانەوە لەكاتی میزكردندا، لێرەدا لەوانەیە كە پرۆستات دوچاری ئاوسان یان گەورەبوون نەبێت. گەلێك جار هەوكردنی درێژخایەنی پرۆستات بە بێ بوونی بەكتریا Abacterial prostatitis روودەدات و بە شێوەی سووتانەوە لەكاتی میزكردن و ئازارێكی كەمی حەوز و ژێرە پشت ئێشە خۆی دەنوێنێت. لەگەڵ هەوكردنی پرۆستاتدا ئاستی (ئەنتیجینی) تایبەتی پرۆستات PSA لە خوێندا بەرزدەبێتەوە.