هەموو كەسێك لە ژیانیدا دوچاری سترێس Stress دەبێتەوە كە لەوانەیە گرفتی تەندروستی لێبكەوێتەوە، بۆ نموونە خەمۆكی، نەخۆشیی دڵ، گرفت لە كۆئەندامی هەرسدا، زیادبوون یان كەمبوونی كێشی لەش، پەستی. گەلێك رێگا هەن بۆ سووككردنی سترێس، یەكێك لەمانە جۆری خۆراكە، بەتایبەتی ئەو خۆراكانەی كە كۆمەڵەی ڤیتامین B لەخۆدەگرن. كۆمەڵەی ڤیتامین B رۆڵیان هەیە لە هاوسەنگیی كیمیای مێشك و گەیەنەرەكانی دەمار، بەمەش توانای كۆئەندامی دەمار زیاتر دەكەن بۆ هەرسكردنی سترێس یان بەلاوەنانی بە كەمترین زیانی تەندروستییەوە. ڤیتامین B1 رۆڵی هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی كۆئەندامی دەمار و باشكردنی مەزاج و توانای یاد و تەركیز، ڤیتامین B3 یارمەتیی دەمارەكان و كۆئەندامی هەرس دەدات و شەكری خوێن رێكدەخات، ڤیتامین B9 یان ترشی فۆلیك ئاستی وزە لە لەشدا بەرزدەكاتەوە. خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ڤیتامین B بریتین لە: باوی، ماسی، برۆكۆلی، دانەوێڵەی تەواو، شیر، پەنیر، گۆشت، تووتی مۆر.