رەنگ زەردبوون Pallor واتە كاڵبوونی رەنگی پەمەیی ئاسایی پێست. هۆكارەكانی رەنگ زەردبوون بریتین لە: گرفتی دەروونی وەكو ترس و هەڵچوون، رەبو، سەرما، ئینفلوەنزا، كەمخوێنی، كولبوونی گەدە یان دوازدەگرێ، شێرپەنجەی خوێن، هێدمە، نەخۆشییەكانی دڵ. ئەگەرچی بەگشتی حاڵەتەكە مەترسیدار نییە، بەڵام پێویست بە بەدواداچوون و سەردانی دكتۆر دەكات. حاڵەتەكە لە كەسانی سپی پێستدا زیاتر بەرجەستە دەبێت، چونكە رەنگی پێست یەكجار كاڵ و سپی هەڵدەگەڕێت. لەو كاتەی كە رەنگ زەردبوون بن پێڵووەكان، ناو دەم، زمان، لێو، بەری دەست و نینۆكەكان دەگرێتەوە، ئەوا حاڵەتەكە پێویست بە سەردانی یەكسەر و بەدواداچوون لە لایەن دكتۆر دەكات، بەڵام ئەگەر لەگەڵ رەنگ زەردبووندا رەنگی ئەم شوێنانە سروشتی بێت و نەگۆڕێت ئەوا بەگشتی حاڵەتەكە پێویست بە نیگەرانی ناكات، چونكە بەگشتی پاش ماوەیەك رەنگی سروشتی بۆ هەموو پێست دەگەڕێتەوە. راستە رەنگی سروشتی پێستی هەر كەسێك پەیوەستە بە رێژەی بۆیەی میلانین Melanin لە پێستدا، بەڵام كە پێست زەرد یان كاڵ دەبێت ئەوا هۆیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كەمی ئۆكسجین لە خوێن یان گۆڕان لە سووڕی خوێن لە پێستدا نەك كەمبوونەوەی رێژەی ماددەی میلانین.