دابەزاندنی كێشی لەش بە خێرایی بارگرانییەكی فیزیكی دەخاتە سەر لەش و لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری چەندین كێشەی تەندروستی وەكو: دروستبوونی بەردی زراو بە رێژەی 12- 25% ی حاڵەتەكان، وشكبوونەوە یان كەمبوونەوەی شلەی لەش، بەدخۆراكی بەتایبەتی لەبەر كەم خواردنی پرۆتینەكان، تێكچوونی هاوسەنگی ئەلیكترۆلایتەكان وەكو پۆتاسیۆم و بایكاربۆنێت كە زۆر جار تەندروستی دەخاتە مەترسییەوە، سەرئێشە، ناڕەحەتی دەروونی، زوو ماندووبوون، سەرسووڕان، رووتانەوەی قژ، پووكانەوەی ماسوولكەكان. گەلێك كەس بۆ ئەم مەبەستە رێگای جۆراوجۆر دەگرنە بەر كە زۆربەی هەرە زۆریان زانستییانە نین، ئەگەر ئامانجەكەش بپێكن ئەوا لەسەر حیسابی تەندروستی و تەنیا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەبێت. رێگاكان بریتین لە: ریجیمی هەڵە یان خۆبرسیكردن Starvation diets كە دەبێتە هۆی كەمیی گشت ماددە گرنگ و پێویستەكان لە پرۆتین و كانزا و ڤیتامین و ماددە دژەئۆكسانەكان، بەكارهێنانی دەیەها دەرمانی تایبەت بە ریجیم Diet pills یان دەرمان بۆ كەمكردنەوەی ئارەزووی خواردن یان سووتاندنی چەوری، كەمكردنەوەی توندی وزەی خۆراكیی رۆژانە VLCD واتە 800- 1200 كالۆری بەبێ چاودێریی دكتۆر، بەكارهێنانی كرێم و ئامێری جیاواز كە گوایە بۆ دابەزاندنی كێش جێگرەوەن بۆ ریجیم و مەشقی وەرزشی.