كاكی Persimmon چەوریی كەم و وزەیەكی كەم لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە تەنیا 70 كالۆری لە هەر 100 گرامدا، لەگەڵ رێژەیەكی بەرزی ڤیتامین و ماددەی گرنگی تر. دژەئۆكسانی پۆلیفینۆلەكان Polyphenols، كارۆتینۆیدەكان Carotenoids لەگەڵ تانینەكان Tannins رۆڵیان هەیە دژی بەكتریا، لەگەڵ خۆپاراستن لە تووشبوون بە هەوكردن، نەخۆشیی دڵ، شێرپەنجە. كاكی ڤیتامینەكانی A، C، لەگەڵ كۆمەڵەی ڤیتامین B لەخۆدەگرێت كە رۆڵی فەرامۆش نەكراویان بۆ تەندروستی هەیە، هەروەها رێژەیەكی بەرزی ریشاڵی تێدایە لەگەڵ كانزایەكانی كۆپەر كە هاوكاری دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن دەكات، پۆتاسیۆم كە پێویستە بۆ رێكخستنی فرمانی دڵ و گورچیلەكان و پەستانی خوێن، مەنگەنیز و فۆسفۆر كە لە دروستبوون و پاراستنی پتەویی ئێسكدا بەشدارن. سوودە تەندروستییەكانی تری كاكی دەگەڕێنەوە بۆ چەند ئاوێتەیەكی وەكو شیبۆل Shibol و ماددەی دژەئۆكسان كە چالاكییان هەیە دژی خوێنبەربوون و دژی شێرپەنجە. هەتا توێكڵی كاكی چەندین ماددەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرێت كە كرداری پیربوون دوادەخەن.