بەگشتی خۆراكی دەریا Sea food سەرچاوەی باشن بۆ پرۆتین و مادەی خۆراكی گرنگی تر، لە هەمان كاتیشدا چەوریی كەم لەخۆدەگرن. ماسیی سالمۆن Salmon و گەلێك جۆری تری ماسی ترشە چەوری لە جۆری ئۆمیگا 3 یان تێدایە، ئەم چەورییە مرۆڤ دەپارێزێت لە نەخۆشیی دڵ و جەڵتە و لاوازیی هزر، لەبەر ئەوەی كە ئاستی كۆلیستیرۆڵی باش لە خوێندا بەرزدەكاتەوە و ئاستی كۆلیستیرۆڵی خراپ دادەبەزێنێت، هەروەها یارمەتی دابەزاندنی پەستانی بەرزیی خوێن دەدات. ماسیی سالمۆنی رووبار و دەریاكان یان ئەوەی كە لە حەوزەكاندا پەروەردە دەكرێت سەرچاوەیەكی باشی پرۆتینە بۆ هەر تەمەنێك بەتایبەتی لەكاتی دووگیانیدا. هەندێك جۆری ماسی وەكو شارك و كینگ ماكاریل رێژەیەكی بەرزیان لە كانزای جیوە تێدایە كە لەوانەیە زیان بە كۆرپە بگەیەنێت ئەگەر دایكی دووگیان ئەم جۆرە ماسییانە بخوات. ئەگەر رۆژانەش نەبێت وا باشە كە هەفتانە بەلای كەم دوو جار ماسیی سالمۆن یان جۆرەكانی دی بخورێت، هەوڵ بدە كە ماسی بە برژاوی نەك لە زەییتدا سووری بكەیتەوە تاكو تێكەڵ نەبێت لەگەڵ چەوریی ترەوە.