ئەمە روونكراوەتەوە كە قووتووبەندكردن هیچ كاریگەرییەك ناكاتە سەر رێژەی پرۆتینی ناو گۆشتی مریشك، بە مانایەكی دیكە رێژەی پرۆتینی ناو گۆشتی مریشك بە قووتووبەندكردن و گەرمكردن بە پلەی گەرمیی بەرزیش كەم نابێتەوە. كەواتە، دەتوانین لەوە دڵنیا بین كە گۆشتی مریشكی قوتووبەند Canned chicken تەندروستییانەیە و بەها خۆراكییەكەی تا رادەیەكی زۆر باش پارێزراوە، بەڵام بەر لە خواردنی گۆشتی مریشكی قووتووبەند، دەبێ دڵنیابیت لەوەی كە قووتووەكە بەرواری بەسەرچوونی لەسەرە و بەسەر نەچووە، زەبری بەر نەكەوتووە و نەقۆپاوە، قووتووەكە نەئاوساوە و كون نەبووە، هەروەها ژەنگی هەڵنەهێناوە، چونكە لەم حاڵەتانەدا ئەگەری ئالوودەبوونی بە بەكتریا لێدەكرێت. هەروەها لەكاتی كردنەوەی قووتووەكە، دڵنیابە لەوەی كە كەڕوو(كەڕەكیفە) لەسەر گۆشتەكەدا نەنیشتووە، بۆنی ناخۆشی لێ نایەت، رەنگی نەگۆڕاوە، پێویستیش بە دووبارە كوڵاندن ناكات. ئەو كەسانەی كە نەخۆشیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیان هەیە، لەگەڵ تووشبووان بە شەكرە و نەخۆشیی دڵ كە پارێزیان لە خوێ هەیە، دەبێ زۆر بەكەمی گۆشتی قووتوبەند بخۆن چونكە رێژەیەكی بەرزی خوێ و گەلێك جاریش چەورییە خراپەكان لەخۆدەگرن.