چای ماددەی كافائین Caffeine لەخۆدەگرێت كە هانی گورچیلەكان دەدات بۆ دەردانی بڕی زیاتری ئاو، بە مانایەكی دیكە رێژەی ئاو لە لەشدا كەم دەكاتەوە، بۆیە پێویستە كە ئەم بڕە ونبووەی شلە قەرەبوو بكرێتەوە راستەوخۆ بە خواردنەوەی ئاو كە بڕەكەی 2 هێندەی قەبارەی چایەكە بێت بەتایبەتی كە یەك رەنگ یان تۆخ بێت، بۆ نموونە 2 كوپ ئاو پاش خواردنەوەی كوپێك چای. ئەم قەرەبووكردنەوەیەی شلە پاش خواردنەوەی قاوە و كاكاو و كۆلاش پێویستە چونكە رێژەی بەرز لە ماددەی كافائین لەخۆدەگرن، ئاو بە باشترین شلە بۆ قەرەبووكردنەوەی شلەی ونبوو دادەنرێت. هەرگیز نابێت كە ئەم قەرەبووكردنەوەیە لەسەر حیسابی بڕی پێویستی رۆژانەی ئاو بێت، واتە جگە لە 8 پەرداخ ئاو كە رۆژانە پێویستە، بۆ یەكێكی پێگەیشتوو. نابێ ئەمەش لە یاد بكەین كە خواردنەوەی بڕی زۆری كافائیین بۆ نموونە قاوە بۆ تەندروستی باش نییە، چونكە لەوانەیە كە ببێتە هۆی تووڕەبوون و زوو هەڵچوون و دڵەكوتێ و دەست لەرزین، بۆیە وا باشترە كە بڕی رۆژانەی كافائین زێتر نەبێت لە 300 میللیگرام كە دەكاتە نزیكەی چوار كوپ قاوە لە رۆژێكدا