لە سەردەمی ئێستاماندا، زۆربەی خەڵك كاتێكی زۆر لەناو ئۆتۆمبیلدا بەسەر دەبەن. كوالیتی هەوای ناو ئۆتۆمبیل هەرگیز لە هەوای دەرەوەی ئۆتۆمبیل باشتر نییە و لەوانەیە كە هەندێك جار خراپتریش بێت. ناوپۆش و رایەخی ناو ئۆتۆمبیل بە ماددەیەك مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە كە سووتان دوادەخات لەگەڵ ماددەیەكی تر بۆ پاراستنی نەرمیی بەشە پلاستیكییەكان. لەكاتی بەركەوتنی ئۆتۆمبیل بە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی خۆر، ئەم ماددە كیمیاییانە جیادەبنەوە بۆ هەوای ناو ئۆتۆمبیل كە بریتین لە هەندێك جۆری ئیسەرەكان Ethers، برۆمایدەكان Bromides، فتالێتەكان Phthalates كە دەبنە هۆی هێڵنج، رشانەوە، سەرئێشە، سەرسووڕان، بۆیە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بە بوونی ئەم نیشانانەوە هەرگیز شتێكی باش نییە. لیككردنی تانكی سووتەمەنی و هەڵمژینی هەڵمی بەنزین یان گازوایل كاریگەری دەكاتە سەر تەندروستی بە شێوەی هێڵنج، رشانەوە، سەرئێشە، سەرسووڕان. هەڵمژینی هەڵمی بەنزین یان گاز بۆ ماوەیەكی زۆر دەبێتە هۆی شێوان، هەندێك جاریش لەهۆشچوون، ئەمە لە منداڵان زووتر یان خێراتر روودەدات و لەوانەیە كە ببێتە هۆی مردن. گەیشتنی دووكەڵی گزۆز بە هەوای ناو ئۆتۆمبیل زۆر مەترسیدارە بۆ تەندروستی، چونكە یەكەم ئۆكسیدی كاربۆنی تێدایە كە هەڵمژینی دەبێتە هۆی سەرئێشە، سەرسووڕان، بۆرژان، لە كۆتاییشدا ئەگەری مردن دێتە پێشەوە.