سینگی مریشك سەرچاوەیەكی پرۆتینی بێ چەوری

سینگی مریشك سەرچاوەیەكی پرۆتینی بێ چەوری
سینگی مریشك Chicken breast سەرچاوەیەكی كەم چەوریی زۆر باشە بۆ پرۆتین و ڤیتامینەكانی B و كانزایەكان. 100 گرام سینگی مریشكی سووركراوە لە زەیتدا Fried نزیكەی 188 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت، كەچی 100 گرام سینگی مریشكی برژاو 165 كالۆری و 100سینگی مریشكی كوڵاو 148 كالۆری وزە لەخۆدەگرێت. سینگی مریشك بە هەر شێوەیەك ئامادەكرابێت، رێژەیەكی باشی پرۆتین لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە هەر 100 گرام سینگی مریشك 34 گرام پرۆتین دابین دەكات. كەواتە دەكرێ تەنیا بە سینگی مریشك پێویستی رۆژانەی پرۆتین دابین بكرێت لەو كاتەی كە زۆربەی پێگەیشتووان رۆژانە 50- 175 گرام پرۆتینیان پێویستە. سینگی مریشك كە لەناو زەیتدا سووردەكرێتەوە رێژەی چەورییەكەی زیاتر دەبێت بەتایبەتی چەورییە تێرەكان و كۆلیستیرۆل كە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ زیاد دەكەن. سینگی مریشك دەوڵەمەندە بە كۆمەڵەی ڤیتامین B بەتایبەتی ڤیتامین B3 كە ناسراوە بە نیاسن Niacin و رۆڵی گرنگی هەیە لە میتابۆلیزمی كاربۆهیدراتەكان، لەگەڵ ڤیتامینەكانی A، E، D، K بە رێژەی كەمتر. سینگی مریشك رێژەی بەرچاو لە كانزایەكان لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە فۆسفۆر، كالیسیۆم، ئاسن، مەگنیسیۆم، پۆتاسیۆم، زینك، كۆپەر، مەنگەنیز، سیلینیۆم، كە هەموویان رۆڵی گرنگیان لە لەشدا هەیە.
Top