نەخۆشیی شەكرە هۆكارە بۆ وەستانی گورچیلە

نەخۆشیی شەكرە هۆكارە بۆ وەستانی گورچیلە
نەخۆشیی شەكرە ئەگەر بە باشی كۆنترۆل نەكرێت چەندین ئاڵۆزیی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە، بۆ نموونە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، ئاوی سپی، كوێربوون، پەل بڕینەوە، وەستانی گورچیلەكان Renal failure. شەكرەی كۆنترۆلنەكراو دەبێتە هۆی تێكدانی خوێنبەرە بچووكەكانی گورچیلە، واتە خوێنبەرەكانی یەكە بچووكەكانی گورچیلە كە فرمانی سەرەكی گورچیلە دەبینن، بەمەشەوە بەرە بەرە ژمارەیەكی زۆریان لەكاردەكەون، پاشان گورچیلەكان بە تەواوی دەوەستن و فرمانیان لەدەست دەدەن كە بریتییە لە فلتەركردنی خوێن. نیشانەكانی سەرەتای روودانی ئاڵۆزی لە گورچیەكاندا بریتین لە: گرفت لە بەتاڵكردنەوەی میزڵدان، بوونی خوێن لەگەڵ میزدا، روودانی هەوكردن لە رێڕەوەكانی كۆئەندامی میزەڕۆدا. حاڵەتەكە بە پشكنینێكی گشتی میز لە تاقیگەدا دەستنیشان دەكرێت، لەوكاتەی كە گورچیلەكان توانای راگرتنی پرۆتین و شەكریان نامێنێت، بۆیە شەكر و پرۆتین لە میزدا بەدی دەكرێن و بەرە بەرە بڕەكەیان زیاتر دەبێت. لە پشكنینی خوێنیشدا، رێژەی ماددەی یوریا Urea و كریاتینین Creatinine بەرز دەبێتەوە كە مانای تێكچوونی گورچیلە دەبەخشن. بەكارهێنانی دەرمان هیچ سوودێكی نییە بۆ چارەسەركردنی وەستانی گورچیلە، تاكە رێگای چارەسەركردن بریتییە لە بەكارهێنانی دەزگای گورچیلەی دەستكرد یان گواستنەوەی گورچیلە.
Top