بەگشتی قوتووبەندكردنی خۆراك Canning لە بەهاكەی كەم دەكاتەوە، چونكە بە چەندین كرداری كیمیایی و فیزیاییدا تێپەڕ دەكرێت، ئەمە سەرەڕای زیادكردنی چەندین ماددەی كیمیایی دژە میكرۆب و ماددەی تر بۆ هێشتنەوەی تام و رەنگ و مەبەستی تر كە لە پیشەسازی خۆراكدا ئەنجام دەدرێت. زۆربەی خۆراكە قوتووبەندەكان Canned foods ماددەی كیمیاییان تێدەكرێت، لەمێژە ئەم ماددە زیادە خۆراكییانە Food additives لە پیشەسازیی خۆراكدا بەكاردەهێنرێن، گەلێكیان زیان بە تەندروستی دەگەیەنن، بۆیە بەكارهێنانی هەندێكیان لە پیشەسازی خۆراكدا قەدەغە كراوە. قوتووی پلاستیك ماددەی بیسفینۆل لەخۆدەگرێت، هەروەها ئەو چینەی كە ناوپۆشی قوتووە كانزاییەكانی پێ داپۆشراوە لە پلاستیك دروستكراوە كە بیسفینۆل لەخۆدەگرێت. بیسفینۆلA Bisphenol یان BPA كە لە هەندێك پلاستیك و ناوپۆشی قوتووەكانی خۆراكدا بەكاردێت چەندین كێشەی تەندروستی پەیدا دەكات. بیسفینۆل هاوسەنگی هۆرمۆنەكانی لەش تێكدەدات بەمەشەوە كاریگەری دەكاتە سەر تەندروستی زاوزێ، لەوانەشە كە ببێتە ئەگەری تووشبوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجە. بەرزترین ئاستی سەلامەتی بیسفینۆل لە رۆژێكدا بریتییە لە 50 مایكرۆگرام بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش، بەڵام وا باشترە كە بڕی رۆژانەی بیسفینۆل هەرگیز زێتر نەبێت لە 0.0024 مایكرۆگرام بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش. بەگشتی زیاد بەكارهێنانی خۆراك و خواردنەوە قوتووبەندەكان لە لایەنی تەندروستییەوە پەسەند ناكرێت و یەكێكە لە نەرێتە خراپەكانی پەیوەست بە خۆراك.