وێب Web یان ئینتەرنێت Internet بۆتە بەشێكی گرنگ و نەپچڕاو لە ژیانی رۆژانەماندا. ئەم تەكنەلۆژیا پێشكەوتووە كە بە ئاسانی دەگاتە هەموو كەسێك بە بێ جیاوازی، سوودی یەكجار گەورەمان پێدەگەیەنێت. ئینتەرنێت بە هەموو باشی و خراپییەكانییەوە هاوڕێی هەمیشەیی ژوورەكانمانە و دەوڵەمەنترین سەرچاوەی هەموو زانییارییەكە لە رۆژنامە ئەلیكترۆنییەكانەوە بگرە تا دەگاتە سایتە زانستییەكان و كەناڵە رادیۆیی و تەلەڤزیۆنییە ئاسمانییەكان و چات Chat. ئایا دەزانی كە لەوانەیە دوچاری راهاتن لەسەر ئینتەرنێت Web Addiction بووبیت بێ ئەوەی كە دركی پێبكەیت! بە پێی ژمارەی كاتژمێرەكانی دانیشتن بەرانبەر بە ئینتەرنێت، زیاد بەسەربردنی كات لەگەڵ ئینتەرنێتدا بەرنامەی كاتی رۆژانەت تێكدەدات، بۆ نموونە كاتی خواردن و نووستن و خوێندن و كارە رۆتینیییەكانی رۆژ هەموویان دەشێوێن لەگەڵ گوێنەدان بە گەلێك ئەرك و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و بەرپرسیاریەتی كە گەلێكیان قابیلی دواكەوتن نین، هەروەها زیاد جگەرەكێشان و خواردنەوەی ئەلكهول و زیاد خواردنەوەی شلەمەنییە وزەبەخشەكانی وەكو رێد بوڵ و تایگەر كە زیاتر گرفتەكە ئاڵۆز دەكات. زیاد دانیشتن لە بەرامبەر ئینتەرنێتدا دەبێتە هۆی سەرئێشە، چاوئێشە، ئازاری پشت و مل و قۆڵ و باسكەكان، هەروەها ئەو قوتابییانەی كە خۆیان و ئەركەكانیان لەبیردەكەن لەبەر سەرقاڵبوونیان بە وێبسایتەكانی فەیس بووك و چات، زۆر جار لە قوتابخانە دوادەكەون یان خوێندن بە یەكجاری لەدەست دەدەن.