قوتابییانی سەرەتایی بە لەشێكی بچووكەوە جانتای قورسی كتێب و و پەڕاو و پێداویستییەكانی تر هەڵدەگرن. جانتای قورس كاریگەريی نێگەتیڤی بۆ تەندروستيی قوتابییان هەیە كە لەشە بچووكەكەیان لە قۆناغی گەشەكردندایە، بۆ نموونە پەستان دەخاتە سەر دیسكی نێوان بڕبڕەكانی پشت كە دەبێتە هۆی پشت ئێشەیەكی درێژخایەن، هەروەها ئازاری ماسوولكە، ئازاری مل، ئازاری مەچەك، ماندووبوون، سەرئێشە، سڕبوون یان تەزین Numbness لە قۆڵ و قاچەكاندا لەگەڵ گرفت لە ئەنجامدانی جووڵەی جیاواز لە پشت و پەلەكاندا. پێویستە لەسەر مامۆستا و دایك و باوكان كە بە وردی تێبینی ئەم مەسەلەیە بكەن، بۆ نموونە هەرگیز نابێ منداڵان قوڕسایی پتر لە 15%ی كێشی لەشیان هەڵبگرن، هەروەها واباشترە كە كتێبە قوڕسەكان بكەونە نزیك پشت. جگە لەمە، لەگەڵ جانتای قورسدا هەڵگرتنی قوڕسایی دیكە دەبێتە هۆی تێكچوونی هاوسەنگی سەنتەری قورسایی لەش، ئەمەش كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر ئاراستەی دروستی بڕبڕەكانی پشت و ئەو بەستەر و ماسوڵكانەی كە بەرپرسن لە راگرتنی پشت بە شێوەی گرژبوون و ئازاری درێژخایەن. واباشە كە جانتا بە هەر دوو قۆڵەوە هەڵبگیرێت لە جیاتی یەك قۆڵ، قایشەكانی قۆڵ پان و نەرم بن كە بە پێی قەبارەی لەشی منداڵ كورت و درێژ بكرێن، منداڵ بتوانێت بە هەڵگرتنی جانتاكەیەوە پشتی بە قیتی رابگرێت نەك بۆ لایەك بیچەمێنێتەوە.