بەهای خۆراكیی زەیتی ماسی

بەهای خۆراكیی زەیتی ماسی
لە نوێترین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە بەكارهێنانی زەیتی ماسی Fish oil بە تازەیی یان بە شێوەی كەپسول ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ كەم دەكاتەوە بەتایبەتی لەو كەسانەی كە ئەگەری تووشبوونیان لێدەكرێت وەكو نەخۆشانی شەكرە، كەسانی قەڵەو و كەم جوولە، جگەرەكێشەكان، هەروەها ئەو كەسانەی كە بە خێزان نەخۆشی دڵیان هەیە. خواردنی ماسی یەكێكە لە هەنگاوەكانی پەیڕەوكردنی خۆراكی تەندروستییانە بەتایبەتی كە رێژەیەكی بەرز لە ترشە چەوری ئۆمیگا 3 لەخۆدەگرێت، لێرەش دەكرێت كە ترشە چەوری ئۆمیگا 3 بە شێوەی كەپسول وەربگیرێت ئەگەرچی هەرگیز نابێتە جێگرەوە بۆ ماسی، چونكە ماسی جگە لەم ترشە چەورییە پرۆتین و ماددەی گرنگی تر لەخۆدەگرێت. بە هەرحاڵ، بەكارهێنانی زەیتی ماسی یان خواردنی ماسی بە شێوەیەكی بەردەوام بەس نییە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، بەڵكو هەنگاوی دیكەش پێویستن وەكو كەمكردنەوەی شەكر و شیرینی، دووركەوتنەوە لە چەورییە تێرەكان Saturated و چەورییە نێوەندەكان Tans fats، زیاد خواردنی دانەوێڵەی تەواو و ئەلبانی كەم چەوری، ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی رۆژانە، دووركەوتنەوە لە جگەرە، كۆنتڕۆڵكردنی كێشی لەش، كۆنترۆلكردنی نەخۆشیی شەكرە و پەستانی بەرزیی خوێن لە تووشبوواندا.
Top