سوود و زیانەكانی شامپۆ

سوود و زیانەكانی شامپۆ
چەورەگلاندەكانی پێست ماددەیەكی چەور بە ناوی سیبەم Sebum دەردەدەنە سەر پێست كە پێست و قژ شێدار دەكات و رێگا لە ئاو دەگرێت. بەبێ ئەم ماددە چەورە، پێست وشك دەبێت و بەردەوام تفر فڕێدەدات، پاشان خانە زیندووەكانی ژێرەوەی رووبەڕووی كاریگەرییە دەرەكییە نێگەتیڤەكان دەبنەوە. دواخستنی شووشتنی قژ دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی چەوری لەسەر پێستی سەر و قژدا، ئەمەش بە گشتی پەسەند ناكرێت و چەندین گرفتی پێستی لێدەكەوێتەوە بەتایبەتی زیپكە و هەوكردن و خورشت. وەرگرتنی گەرماو و شووشتنی قژ بە سابوون یان شامپۆ چەورییە سروشتییەكەی پێستی سەر لادەبات، ئینجا پاش ماوەیەك چەورەگلاندەكان پێست و قژ چەور دەكەنەوە، ئەگەر زوو زوو شامپۆ بەكاربهێنرێت ئەوا پێویست بە بەكارهێنانی ماددەیەكی Moisturizer شێداركەرەوە دەكات.گەلێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە شووتنی پێستی سەر و قژ بە شامپۆ تا رادەیەك بۆتە ئارەزووی كەسی، هەتا لە نێو پسپۆرانی پێستیشدا مشتومڕی زۆر هەیە سەبارەت بە سوودەكانی شامپۆ و جارەكانی شووشتن بە شامپۆ، هەندێكیان پێیان باش نییە كە زوو زوو سەر بە شامپۆ بشۆرێت، هەندێكی تر دەڵێن كە شووشتن بە شامپۆ پێویستە بۆ رێگرتن لە كۆبوونەوەی چەوریی پێست و داخستنی كونەكانی پێست و رەگی قژ و پەیدابوونی زیپكە.
Top