راستە كە بە كوڵاندنی سەوزە گۆڕان بەسەر رێژەی ریشاڵیاندا دێت، گۆڕانەكە پەیوەستە بە ماوە و پلەی گەرمیی كوڵاندنەوە، بۆ نموونە كوڵاندن بۆ ماوەیەكی كورت و بە پلەیەكی گەرمی نزمەوە كەمترین گۆڕان بەسەر رێژەی ریشاڵی سەوزەدا دەهێنێت. چەندین جۆری ریشاڵ لە سەوزەكاندا هەن كە هەر جۆرێك بە شێوەیەك دەكەوێتە ژێر كاریگەری كوڵاندن، بۆ نموونە سیلیلۆز Cellulose و هێمیسیلیلۆز Hemicellulose بە كوڵاندنێكی سووك تا رادەیەكی كەم هەرسكردنیان ئاسانتر دەبێت. كوڵاندنی زۆر بە پلەی گەرمی بەرزەوە دەبێتە هۆی تێكشكاندنی هەندێك جۆری ریشاڵی سەوزە و كەمكردنەوەی بەهای خۆراكی لە هەموو جۆرەكانی سەوزەدا، بۆ نموونە ئەو جۆرانەی كە رێژەی بەرزی نیشاستە و ئەو جۆرانەی كە رێژەیەكی نزمی نیشاستە لەخۆدەگرن. جگە لە سەوزە رەگییەكان Root vegetables، زۆربەی جۆرەكای تر رێژەی بەرزی ریشاڵ لەخۆدەگرن لەگەڵ رێژەی نزمی نیشاستە، بەمەشەوە رۆڵیان هەیە لە جێگیركردنی ئاستی شەكری خوێندا، بەڵام بە زیاد كوڵاندن ئەم رۆڵەیان كەم دەبێتەوە. كەواتە باشترین رێگا بۆ سوود وەرگرتن لە سەوزەكان بە مەبەستی دابینكردنی رێژەی تەواوی ریشاڵ و ئاستێكی تەندروستییانەی شەكری خوێن و یارمەتیدانی كۆئەندامی هەرس، بریتییە لە كوڵاندنی سەوزە بە پلەیەكی گەرمیی نزم بۆ ماوەیەكی كەم.