گرفتە سەرەكییەكەی نەخۆشیی شەكرە Diabetes بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێنە كە بەرپرسە لە روودانی ئاڵۆزییەكانی شەكرەدا، پەیڕەوكردنی پارێزێكی دروست رۆڵێكی فەرامۆش نەكراوی هەیە بۆ كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێن و رێگرتن لە ئاڵۆزییەكان. ئەو خۆراكە تەندروستییانەیە Healthy diet كە رێژەیەكی كەمی چەورییە تێرەكان و رێژەیەكی كەمی كۆلیستیرۆل و رێژەیەكی بەرزی ریشاڵ لەخۆدەگرێت. دانەوێڵەی تەواو Whole grains بە خۆراكێكی تەندروستییانە دادەنرێت، چونكە ئەم سیفەتانەی هەیە لەگەڵ رێژەیەكی بەرزی ڤیتامین و كانزایەكان. لە لێكۆڵینەوە نوێیەكاندا هاتووە كە خواردنی دانەوێڵەی تەواو رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە. كەسی پێگەیشتوو رۆژانە پێویستی بە 20- 35 گرام ریشاڵی رووەكی هەیە، دانەوێڵەی تەواو سەرچاوەیەكی زۆر باشە بۆ دابینكردنی ئەم بڕەی ریشاڵ. ئەگەرچی دانەوێڵەی تەواو بە شێوەیەكی سەرەكی لە كاربۆهیدرات پێكهاتووە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، بەڵام رێژە بەرزەكەی ریشاڵ رۆڵی بەرچاوی هەیە لە كۆنترۆلكردنی ئاستی شەكری خوێن لە نەخۆشانی شەكرەدا. چەند نموونەیەكی دانەوێڵەی تەواو وەكو: شوفان Oatmeal، جۆ، برنجی قاوەیی یان برنجی خۆڕسك Wild rice، ساوار و گەنمەكوتراو، گەنمەشامی، نان و هەویركاری كە بە گەنمی تەواو Whole wheat دروست كرابن.